٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

شەبەك: باوەڕمان بە عەبادی نییە.. هەمووی بۆ موزایەدە و ڕاگەیاندنە

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا-KDP.info- سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئامادەیی خۆی نیشان داوە كە لە كابینە وەزارییە نوێیەكەی حكوومەتی عێراقدا، بڕیكاری وەزیر و بەڕێوەبەرێكی گشتی بە پێكهاتەی شەبەك بدات، نوێنەری كۆتای شەبەكیش لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئامادەیی خۆی نیشان داوە، بەڵام نازانین تاچەند ئەوە ڕاستە، چونكە قسەی خۆی جێبەجێ ناكات و جیددی نییە".

(سالم جومعە شەبەك) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای ئەوەی ناوی ژمارەیەك لە وەزیری تر لەلایەن سەرۆكوەزیرانی عێراق پێشكەش بە پەڕلەمانی عێراق كرا بۆ دەنگدان لەسەریان، بەڵام بەداخەوە (عەبادی) تا ئێستا بە جیددی كاری نەكردووە لەگەڵ پێكهاتەكانی عێراق بە گشتی، ڕاستە دەڵێت محاسەسە نییە و قەبووڵ ناكرێت، بەڵام ئەمە هەمووی بۆ موزایەدە و ڕاگەیاندنە، چونكە ئەوەی دەبینین هەمووی موحاسەسەیە، چونكە ئەو پێنج وەزیرەی كە لە دانیشتنی پێشوو دەنگمان لەسەر دا سەر بە كوتلە گەورە‌كان بوون، بۆیە وەكو نوێنەری شەبەك ناڕەزایی بەهێزمان دەر‌بڕیوە و گوتوومانە ئەوە قەبووڵ ناكەین‌ ئەگەر موحاسەسە نییە بۆ شەبەكێك بۆ وەزیر یاخود بڕیكاری وەزیر یان بەڕێوەبەرێكی گشتی دانانرێت".

(شەبەك) گوتیشی: "سەرۆكوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی) لە دانیشتنی پێشوو لەگەڵمدا قسەی كرد و گوتی ئامادەم بریكاری وەزیرێك و بەڕێوەبەرێكی گشتی بدەم بە شەبەك، بەڵام نازانین تاچەند ئەوە ڕاستە، چونكە قسەی خۆی جێبەجێ ناكات و تەنیا قسە دەكات و جیددی نییە، بۆیە داوا دەكەین حكوومەتی (عەبادی) ئەو شتانە بە جیددی وەربگرێت و لەگەڵ گشت پێكهاتەكانی عێراقدا جیددی بێت، چونكە تا ئێستا لەگەڵ هەرێمی كوردستان جیددی نییە لە بوودجە و چەندین شتی تر."

نوێنەری كۆتای شەبەك ده‌شڵێت، ئێمە دەمانەوێت و داوا لە حكوومەتی خۆمان (حكوومەتی هەرێمی كوردستان) دەكەین شەبەك شتێكیان لە كوردستان هەبێت، چونكە ئێمە لەگەڵ خەڵكین و خەڵكی ئێمەیش زۆر داوامان لێ دەكەن و گلەییمان لێ دەكەن تا زیاتر شەبەك بە هەرێمی كوردستانەوە گرێ بدرێت كە بەشێكین لە هەرێمی كوردستان و كوردی ڕەسەنین."

 

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار