٦٠ هەزار ئاوارە لە سنووری شێخان هەن.. دوو کەمپی دیکەیش دروست دەکرێن

شێخان -KDP.info- زیاتر لە ٦٠هەزار ئاوارەی سنووری پارێزگای موسل هاتوونەتە سنووری شارۆچكەی شێخان و لە ٤ كەمپ نیشتەجێ كراون، ٢ كەمپی دیكەیش بۆ ئاوارەكانی مووسڵ دروست دەكرێن.
(سەردار یەحیا) قایمقامی شارۆچكەی شێخان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "٤ كەمپ لە سنووری شارۆچكەی شێخان هەن، ٦٠ هەزار ئاوارە لە سنووری شێخان هەن، ٤٠% لەناو كەمپەكان دەژین ئەوانی دیكە لە دەرەوەی كەمپەكان دەژین، ڕەوشیان زۆر باشە و هەموو پێداویستیەكیان بۆ دابین كراوە و هەموو مانگێك خۆراكیان بۆ دابین دەكرێت، ئەو هاوكاریانەیش لە ڕێگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە."
گوتیشی: "دوو كەمپی دیكەیش دروست دەكرێن، كەمپێك لە سنووری شارەدێی زیلكا كە ٨٠% تەواو بووە، ئەوەی دیكەیش هێشتا دروست نەكراوە، بەڵام لە ماوەیەكی نزیكدا دروست دەكرێن، ئەو دوو كەمپە بۆ ئاوارەكانی مووسڵە، هەر كاتێك پڕۆسەی ڕزگاركردنی شاری مووسڵ دەستی پێ كرد، بە تەئكیدی ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی ئەو شارە ئاوارە دەبن، ئەوانی كە بۆ ئێمە دێن لەو دوو كەمپەدا نیشتەجێ دەكرێن."
ڕابین شێروانی




