٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ناكرێ بە پاساوی سیاسی، دژایەتیی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بكرێت"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، دەبێ هێزە سیاسییەكانی كوردستان خۆیان بۆ بەرەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان یەكلا بكەنەوە، چونكە قۆناغێك هاتووەتە پێشەوە ناكرێت لایەنێك لە دژی بەرەی سەربەخۆیی بێت و لایەنێكیش پشتگیریی بكات.

چاودێرانی سیاسی لەو باوەڕەدان، ناكرێت ململانێی سیاسی بگاتە ئاستێك كە حزبەكان یاری بە چارەنووسی گەلێكەوە بكەن، لە كاتێكدا دەرفەتێكی گرینگ و بەهێز لە بەردەم گەلی كوردستاندایە بۆ ئەوەی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات كە لەم كاتەدا پرسی سەربەخۆیی لە هەموو پرسەكانی دیكە گرینگترە.
(د. نەجمان دۆسكی)، سیاسەتمەداری باشووری كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێستا دۆخێك بۆ گەلی كوردستان هاتووەتە پێشەوە كە لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا هیچ قۆناغێك بەقەد ئەم قۆناغە گرینگ و هەستیار نەبووە، بە تایبەتی كورد بیانووی ئەوەی هەیە لە عێراق جیا ببێتەوە، چونكە ئەوەی پێی بگوترێت مافی كورد، لە بەغدا نەماوە و، بوودجەی بڕاوە و هاوكاری بۆ هەرێمی كوردستان نایەت، هەروەها ئاراستەی خراپیش لە دژی سەركردایەتیی سیاسیی كورد لە بەغدا هەیە، لە لایەكی دیكەوە هاوپەیمانان بە جیددی هاتوونەتە سەر خەت تا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن و پشتیوانییش لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن، بۆیە گرنگە ئاڕاستەی كورد بۆ ئەوە بێت كە بەرەو دەوڵەت و سەربەخۆیی هەنگاو بنێین".

(دۆسكی)، گوتیشی: " ناكرێت لە ژێر هەر پاساوێك بێت لایەنێك یان چەند لایەنێك ئاڕاستەی گوتاریان ئەوە بێت كە تانە لە بابەتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بگرن، چونكە دواجار ئەمە ئیرادە و ویستی خەڵكی كوردستانی لەسەرە و ناكرێت ئیرادەی حزبی بەسەر ئیرادەی گەلێكدا فەرز بكرێت، ئێستایش گەلی كوردستان لەبارەی ئایندەی لەگەڵ عێراقەوە جۆرێك لە بڕیاری داوە، چونكە ناكرێت بەم عەقڵییەتەوە لەگەڵ عێراق بەردەوام بین، هەر هەوڵێكی ناوخۆیش بۆ بەلاڕێدابردنی پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان، لادانە لە ویستی ئیرادەی خەڵكی كوردستان".

دەشڵێت: " لەوە دەچێت بەهۆی بەریەككەوتنی سیاسی لە كوردستان، هەر هێزێك لە هێزەكەی بەرانبەری خۆی بدات، بەڵام ناكرێت پرسی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم بكرێتە چەكێكی سیاسی و هێزەكان لە ناوخۆیاندا یاریی پێ بكەن، چونكە ئەمە بەستراوە بە چارەنووسی گەلێكەوە".

(دۆسکی) ئەوەیشی خستە ڕوو: "دەبێت سیاسییەكان لە یارییەكی ترسناكی نێودەوڵەتی تێبگەن، لە لایەك رێكەوتنی هەرێمایەتی لە لایەكی دیكەوە رێككەوتنی زلهێزەكان، ئەگەر ئێمە لە ناوخۆی خۆمان دەرفەتە زێڕینەكان لەدەست بدەین، ئەوا ناشێ جارێكی دیكە پێشبینیی دووبارەنەبوونەوەی سایكس-پیكۆ نەكرێت".

هاوكات (كەرخی ئاڵتی برماغ)، سەرۆكی بزووتنەوەی دیموكراتی توركمان لە كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێستا پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان بەیەكەوە دەیانەوێت لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستاندا چارەنووسیان دیاریكراو بێت و، ناكرێت پێكاتەكان چاوەڕوانی ئەوە بن لە چوارچێوەی قەوارەیەك كە هێشتا نە فیدراڵییە و نە هەرێمە و نە دەوڵەتیشە، بزانن چییان بەسەر دێت، لە كاتێكدا ئەگەر ئەم قەوارە ببێت بە دەوڵەت، باشترە بۆ هەموو لایەكمان، چونكە تۆ لە دەوڵەتێكدا بژیت باشترە تا لە هەرێمێكدا".

(ئاڵتی برماغ) گوتیشی: "ناكرێت هیچ هێزێك بە هیچ پاساوێك بیەوێت دژایەتیی ئەم پرسە بكات یان ئاڕاستەی گوتاری وابێت كە لەمپەر لەبەر دەم ئەم بابەتەدا دروست بكات، چونكە دواجار خزمەت بە پرۆسەی سیاسیی كوردستان ناكات و دژ و پێچەوانەی ئیرادە و ویستی خەڵكی كوردستانە".

ئاماژەیشی دا: "ئێستا لە هەرێمی كوردستان ئەگەر لایەنەكان یەكدەنگییان دەوێت، ئەوا ئەگەر لەسەر پرسەكانی دیكە ناتوانن بگەنە یەك، دەبێت لەسەر پرسێكی گرینگی وەك ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی یەك بگرن، چونكە دواجار ویستی خەڵك لە ویستی حزب گەورەترە و ئاڕاستەی سیاسی و شەقامی كوردستانیش لە ئێستادا بەرەو ئەوە دەڕوات كە هەرێمی كوردستان بە هۆی هەڵكەوتەی جیۆگرافی و هەلومەرجی سیاسی و ئابوورییەوە، ئەوە دەخوازێت چارەنووسی خۆی دیاری بكات و چاوەڕوانی هیچ لایەنێك نەكات تا دەستی بگرێت و بڵێت ئەوە مافەكانتە، بگرە ئەو مافانە لە رێگای خەڵكی خۆمانەوە دیاری دەكرێن و نایشكرێت هیچ ویستێكی سیاسی لە كوردستان لە دژی ئەم ئیرادەیە بوەستێتەوە".

كارزان سەباح هەورامی
 

هەواڵی پەیوەندیدار