نەجات حەسەن: ڕۆژئاوا بەرگەی گوشارەكانی پەیەدە ناگرێت.. دەبێت بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنی هەولێر

هەولێر-KDP.info- سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان نیگەرانە و دەڵێت، پەیەدە دەست لە گوشار و هێرشی خۆی هەڵناگرێت و، بە فەرمانی پەكەكە ڕۆژئاوای كوردستانی خستووەتە مەترسییەوە، بۆیە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنی هەولێر.
(نەجات حەسەن)، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بە ڕێزەوە دەڕوانێتە هێز و لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، لە ڕۆژئاوایشدا چەندین حزبی دێرین هەن كە چەندان ساڵە خەبات دەكەن و بنكەیەكی جەماوەریی فراوانیان هەیە و ڕۆڵی بەهێزیان هەیە لە ناساندنی گەلی كوردستان و رێكخستنیان و داكۆكیكردن لە مافی گەلی كورد، ئەمە راستییە كە پەیەدە باڵی سەربازیی پەكەكەیە، بۆیە فەرمان راستەوخۆ لە پەكەكە وەردەگرێت و تەواو كاردەكات بۆ ڕاوەدوونان و گوشارخستنەسەر سەركردە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، كە سەرجەم ئەم پیلانانە لە ئەرزی واقعدا دەبینرێن و بەچاوی خۆمان ڕۆژانە پێشێلكارییەكانی پەیەدە دەبینین".
(حەسەن) گوتیشی: "شەرمە پەیەدە پەلاماری نوخبەی سیاسی لە ڕۆژئاوای كوردستان بدات، لەوانە (ئیبراهیم برۆ) و ئەندامانی سەركردایەتیی هاوپەیمانیی (ئەنەكەسە) كە ئەمە شەرمەزاریی سیاسییە بۆ پەیەدە سیاسەت بهێنێتە ئەو ساتەی پەلاماری نوخبەی ڕۆشنبیر و سیاسی بدات، لەولایشەوە دەبابەكانی ڕژێمی سووریا بە دووربین تەماشای ئەو هەڵسوكەوتە بكەن، بۆیە ئەم سیاسەتەی لە ڕۆژئاوای كوردستان هەیە ئەوە دەردەخات كە ئەم پارچەیەی كوردستان لە قیرانی سیاسیدایە و دەبێت بەرەیەكی یەكگرتوو دروست بكرێت بۆ ئەوەی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان یەك بگرێت لە دژی سیاسەتی هەڵەی پەیەدە، دواتر پەیەدە دەبێت لەوە تێبگات كە سیاسەتی هەڵە سەری خۆیان دەخوات، ئەمڕۆ ئەگەر دەزگای هەواڵگریی چەند وڵاتێك ئەوان بەڕێوە دەبات، ئەمە سیاسەت نییە، چونكە دەرئەنجامی نابێت، بۆیە ئەو سیاسەتە هەڵەیە دەبێت درێژە نەكێشێت، چونكە شتی دیكەی بەدواوە دەبێت و دواجار سەری خۆیشیان دەخوات".
ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەشڵێ: "لە هەمووی قەباحەتتری سیاسەتەكانی پەیەدە ئەوەیە كە، سیاسەتی وەك تۆڵەكردنەوە هەڵبژاردووە و تەرمی شەهیدێكی پێشمەرگە لە باشوورەوه دەبرێتەوە بۆ ڕۆژئاوا، ئەوان سیاسەتیان هێناوەتە سەر ئاستێك كە ڕێگری لە چوونەوەی تەرمی شەهیدێك بكرێت، بۆیە ئەو سیاسەتەی پەیەدە زۆر قێزەونە و خەڵك لێی بێزارە كە دواجار ڕۆژێك دێت ئەوان پەنا ببەنە بەر (سەرۆك بارزانی)، چونكە (بارزانی) سێ جار رێككەوتنی لەگەڵ كردوون، بەڵام خیانەتیان لە رێككەوتن كردووە".
ئەوەیشی خستە روو: "پەیەدە لەجیاتی ئەوەی تاكتیك لە دژی (بەشار) و دەوڵەتە داگیركەرەكان بەكار بهێنێت، دێت تاكتیك و سیناریۆی جۆراوجۆر لە دژی (بارزانی) و پارتی دروست دەكەن، پرسیاری گرینگ ئەوەیە، دەبێت پارتی و (بارزانی) چییان كردبێت ئەوان دژی دەوەستنەوە؟ ئەی ئەگەر (سەرۆك بارزانی) نەبوو، كێ هەبوو بتوانێت لایەنەكانی ڕۆژئاوا كۆ بكاتەوە و رێككەوتنیان لەگەڵدا بكات؟ بۆیە ئێمە پێمان خۆشە پەیەدە پێداچوونەوە بە سیاسەتی هەڵەی خۆیاندا بكەن، ئەگەر نەیكەن خۆیان زەرەر دەكەن، چونكە ڕۆژئاوای كوردستان بەرگەی ئەو هەموو گوشارانەی پەیەدە ناگرێت".
(نەجات حەسەن) ئاماژەیش دەدات: "ئەو رێككەوتنانەی (سەرۆك بارزانی) لەگەڵ لایەنەكانی ڕۆژئاوای كوردستاندا، زۆر باش بوون و ئێمە باوەڕمان وایە ئەگەر ئەو رێككەوتنانە بچوونایەتە واری جێبەجێكردنەوە، ئێستا دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان زۆر لە باشووری كوردستان باشتر دەبوو".
كارزان سەباح هەورامی




