كۆڕبەندی كۆمپانیا گەشتیارییەكان لە هەولێر ساز دەكرێت.. كار لەسەر گەشتیاری زستانە دهكرێت

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە هەولێر بە سەرپەرشتیی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و، ئامادەبوونی سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق و ژمارەیەك بەرپرس، كۆڕبەندی كۆمپانیاكانی گەشتیاری ساز دەكرێت.
(نادر ڕۆستی)، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەو كۆڕبەندە لە نێوان كۆمپانیا گەشتیارییەكانی هەرێم و عێراق بە سەرپەرشتیی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و دەستەی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەولێر دەبێت".
(ڕۆستی) گوتیشی: "ئامانجیش ئەوەیە كە ئێمە بتوانین لەگەڵ كۆمپانیاكانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق چەند بەرنامەیەك دابڕێژین، یەكەم بریتییە لەوەیی كە پێداچوونەوە بە چالاكییەكانی خۆمان بكەین، كە لەو هاوینەدا توانیومانە بەردەوام لە ڕێگەی كۆمپانیا گەشتیارییەكانەوە گرووپی گەشتیاری بهێنین بۆ كوردستان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی سەرۆكی حكوومەت، كارئاسانییەكی زۆری كرد بە تایبەتی لە بازگەكان، ئەمە یەكێك دەبێت لەو تەوەرانە كە قسەی لەسەر دەكرێت، بۆیە ئەگەر هەر كێشە و گرفتێك هەبێت چارە بكرێت و پەرەی پێ بدرێت، تاكو بتوانین میكانزمی هێنانی گەشتیار بەهێز بكەین و گرفتەكان لەسەر ڕێگەی خۆمان لا ببەین، ئەوەیش پێی دەگوترێت بەدواداچوون بۆ چالاكی و كارەكان و كارئاسانیی زیاتر، دووەم، كار لەسەر ئەوە دەكرێت كە بەرنامەڕێژی بكرێت بۆ وەرزی زستان بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ كۆمپانیاكانی عێراق لە وەرزی زستانیش بەردەوام گەشتیار بێنن و ئێمەیش لە هەرێمی كوردستان وەك حكوومەت بە تایبەتی وەك دەستەی گەشتوگوزار كار لەسەر گەشتیاری زستانە بكەین".
ڕابین شێروانی




