فه‌رمانده‌كانى هێزى پێشمه‌رگه: تا بستێک لە خاکی کوردستان مابێ ناوەستین و ئازادی دەکەین

كوردستان-KDP.info- فه‌رمانده‌كانى هێزى پێشمه‌رگه له سه‌نگه‌ره‌كانی به‌ره‌ى دژ به تیرۆریستانى داعش ڕایده‌گه‌یێنن، وه‌كو كورد گوێ به‌و قسانه‌ى ده‌كرێن بۆ پاشه‌كشه، ناده‌ن و به هه‌ندی وه‌رناگرن و، تا دواخاڵى سنوورى كوردستان ده‌چن و ته‌نها به فه‌رمانى (سه‌رۆك بارزانى) ده‌جووڵێنه‌وه.
لیوا (تارق سلێمان هه‌رنی) فه‌رمانده‌ى فه‌رمانده‌یى سپیلك و به‌رپرسى میحوه‌رى تلسقوفى هێزه‌كانى پیشمه‌رگه بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "وه‌كو كورد گوێ به‌و قسانه‌ى ده‌كرێن بۆ پاشه‌كشه‌كردن ناده‌ین و به هه‌ندی وه‌رناگرین، هه‌ر ناوچه‌یه‌كی ناوچە كوردستانییه‌كان با یه‌ك بستیش بێت، بۆى ده‌چین و ڕاناوه‌ستین تا ئازادى ده‌كه‌ین و به‌رگریى لێ ده‌كه‌ین."
(تارق هه‌رنى) جه‌خت ده‌كاته‌وه: "(سه‌رۆك بارزانى) هه‌ر فه‌رمانێكمان پێ بكات وه‌كو پێشمه‌رگه له خزمه‌تیداین، هه‌ر شوێنێك به خوێن ئازادى بكه‌ین پاشه‌كشه‌ى لێ ناكه‌ین و فه‌رمانیش ته‌نها له (سه‌رۆك بارزانى) وه‌رده‌گرین، ئێمه وه‌كو پێشمه‌رگه هه‌موو كات له ئاماده‌باشیداین بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێك."
عه‌قید (نازم هه‌ركى) فه‌رمانده‌ى لیواى 10ـى پیاده‌ى هه‌ولێرى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه له میحوه‌رى مه‌خموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئه‌و شوێنانه‌ى وه‌كو پێشمه‌رگه بۆى چووین كوردستانین، ئازادمان كردوون نه‌ك داگیرمان كردووبن تا (عه‌بادى) یاخود كه‌سانى تر پێمان بڵێن پاشه‌كشه‌ى لێ بكه‌ن؛ هه‌موو شوێنێکمان به خوێن ئازاد كردووه و به قسه‌ى كه‌س ناكه‌ین و پێشڕه‌وییه‌كانى ئێمه‌ش به فه‌رمانى (سه‌رۆك بارزانى) ده‌بێت و هه‌ر فه‌رمانێكمان پێ بكات سه‌داسه‌د وه‌كو هێزه‌كانى پێشمه‌رگه جێبه‌جێى ده‌كه‌ین."
(هه‌ركى) ده‌ڵێ: "عه‌بادى ئه‌و لێدوانانه‌ى ده‌یدات له ژێر هه‌ژموونى ده‌وڵه‌تانى ده‌وروبه‌ر ده‌یدات و چاویان هه‌ڵنایه‌ت به سه‌ركه‌وتنه‌كانى هێزى پێشمه‌رگه ئه‌مه له جیاتى ئه‌وه‌ى ده‌ستخۆشى له هێزه‌كانى پێشمه‌رگه بكه‌ن كه ڕۆژانه له ده‌وروبه‌رى مووسڵ تیرۆریستانى داعش له‌ناو ده‌به‌ین و پاڵ ده‌ده‌ین و ڕاویان ده‌نێین بۆ ناو مووسڵ له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێگایانه‌ى كه له ده‌وروبه‌رى مووسڵدان، هه‌موومان ده‌زانین زۆربه‌یان له ده‌ستى هێزى پێشمه‌رگەدا‌یه و ئه‌و ناوچانه‌یش ماون به قۆناغ ئازادیان ده‌كه‌ینەوە."
ده‌شڵێت: "ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه نه‌با ئه‌و كاته‌ى تیرۆریستانى داعش مووسڵ‌یان گرت كه به‌هێز بوون له‌وانه‌یه تا به‌غدا بچوونایه و ئه‌وانه‌ى لێدوانى دژ به پێشمه‌رگه ده‌ده‌ن ئه‌و كات له به‌غدا نه‌مابان."
لیوا (نووره‌دین حوسێن هه‌ركى) فه‌رمانده له میحوه‌رى باشیك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئێمه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه له‌ژێر فه‌رمانى (سه‌رۆك بارزانى)ـداین و ئه‌و شوێنانه‌شى كه ئێمه ئازادى ده‌كه‌ین كوردستانین و به خوێن و زه‌حمه‌تى ڕزگارى ده‌كه‌ین لێى ناكشێینه‌وه؛ خۆى ئه‌و ناوچانه پێش هاتنى داعش‌یش هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ى لێ بووه و سه‌نگه‌رمان تا سنوورى مووسڵ بوو‌و."
لیوا (نووره‌دین) گوتیشى: "شوێنێك خاكى ئێمه‌ى كوردان نه‌بێت بۆى ناچین و نامانه‌وێت به‌ڵام هه‌ر ناوچه‌یه‌ك كوردستانى بێت ده‌یگرینه‌وه و لێیشی ناكشێینه‌وه و، ده‌وروبه‌رى مووسڵیش كوردستانییه."
نه‌شوان به‌رزنجى




