نەواف رەشید: زۆرینەی كۆنسووڵخانەكان دژی كردەوەكانی پەیەدەن

رۆژئاوای كوردستان -KDP.info- بەرپرسی كۆمیتەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا لە هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیێنێت، هەموو وڵاتان دژی كردەوەكانی پەیەدەن لە رۆژئاوای كوردستان و، بەڵێنیان داوە كە گوشاریان لەسەر دروست بكەن، بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆیاندا بكەن.
(نەواف رەشید)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد سەبارەت بە كردەوەكانی پەیەدە دژی ئەنەكەسە و خەڵكی رۆژئاوای كوردستان، سەردانی زۆرینەی كۆنسووڵخانەكانیان كردووە و، هەمووان پشتگیرییان لە ئێمە كردووە و دژی ئەو كردەوانە بوونە و باسیان لەوە كردووە كە، ناكرێت دەستەڵاتێكی كوردی هاوشێوەی دەستەڵاتی رژێمی (ئەسەد) وەكو دكتاتۆر دروست ببێت".
(رەشید) گوتیشی: "كۆنسووڵخانەكان بەڵێنیان بە ئێمە داوە كە گوشاری زۆر لەسەر پەیەدە دروست بكەن، بۆ ئەوەی ئەو جۆرە كردەوانە نەكەن و پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆیاندا بكەن".
بەرپرسی كۆمیتەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا دهشڵێت، ئێمە بەردەوام دەبین لە ئاگاداركردنەوەی هەموو وڵاتان لەو كردەوانەی پەیەدە بەرانبەر ئێمە و خەڵكی رۆژئاوای كوردستان دەیكات و بێدەنگ نابین".
بڵند ئیبراهیم




