سەیدۆ چەتۆ: ئاوارە ئێزدیهكان لەبەر خراپیی ڕەوشیان دەگەڕێنەوە شنگال

مووسڵ-KD.info- سەرۆكی فراكسیۆنی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ رایگەیاند، ئاوارەكانی ئێزدی كە ئاوارەی كەمپی نەورۆز ببوون لە سووریا، لەبەر خراپیی ڕەوشیان دەگەڕێنەوە شنگال و دەوروبەری، لەوێش حكوومەتی هەرێم كەلوپەلی پێویستیان بۆ دابین دەكات.
(سەیدۆ چەتۆ)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئاوارە ئێزدییەكان كە لە كاتی داگیركردنی شنگال و دەوروبەریدا چووبوونە سووریا و لە كەمپی نەورۆز نیشتەجێ كرابوون، لەبەر خراپیی باروگوزەرانیان دەگەڕێنەوە شنگال".
(چەتۆ) گوتیشی: "تا ئێستا زیاتر لە 6 هەزار خێزان گەڕاونەتەوە سنوونێ و دەوروبەری، ئەوانەی لە سووریا دەگەڕێنەوە لە نزیك مەزاری شەرفەددین و شوێنەكانی دیكە كەلوپەل و پێویستیان بۆ دابین دەكرێت و لەوێ نیشتەجێ دەكرێن".
سەرۆكی فراكسیۆنی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دهشڵێت، حكوومەتی هەرێم بە هاوكاریی ئیدارەی پارێزگای مووسڵ و ڕێكخراوەكان، چەند خێمەیان بۆ دابین كردوونە و داوا دەكەین زیاتر هاوكاریی ئەو ئاوارانە بكەن بۆ ئەوەی ئەوانی دیكەیش بگەڕێنەوە".
ڕابین شێروانی




