لیژنەی دەرخستنی راستییەكان: ژمارەیەك لە میدیاكان نابەرپرسانە هەواڵ بڵاو دەكەنەوە

هەولێر-KDP.info- لیژنەی دەرخستنی راستییەكان، لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕایدەگەیێنێت، دوێنێ لە كۆنفرانسێكدا چەندین بابەتی گرینگ سەبارەت بە ڕەوشی ناوچە تازەئازادكراوەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی پێشمەرگە خرانە روو، بەڵام بەداخەوە ژمارەیەك لە میدیاكان بە شێوەیەكی زۆر نابەرپرسانە كۆمەڵێك مانشێتیان لە زاری سەرۆكی لیژنەكەوە بڵاو كردووەتەوە كە هیچ بنەمایەكیان نییە.
ئەمەیش دەقەكەیەتی:
دوێنێ ١٧ـی ئابی 2016، لیژنەی دەرخستنی راستییەكان لە ئەنجوومەنی وەزیران كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی سەبارەت بە كاری لیژنەی دەرخستنی راستییەكان كە لە ماوەی رابردوودا ئەنجام دراوە، پێك هێنا و لەم كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەدا چەندین بابەتی گرینگ سەبارەت بە ڕەوشی ناوچە تازەئازادكراوەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی پێشمەرگە خرانە روو، بەڵام بەداخەوە ژمارەیەك لە میدیاكان بە شێوەیەكی زۆر نابەرپرسانە كۆمەڵێك مانشێتیان لە زاری سەرۆكی لیژنەكەوە بڵاو كردووەتەوە كە هیچ بنەمایەكیان نییە و بە هیچ شێوەیەك لەم كۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەدا باسیان نەكراوە.
ئەو بابەتانەی لەسەر زاری ئێمەوە بڵاو كراونەتەوە و كراونەتە مانشێتی ژمارەیەك لە میدیاكان لە ناویاندا (میللەت پرێس، كوردیو، لڤین، ئێس ئێن ئێن، نەتەوە.....هتد) كە گوایە داعش دزەی كردووەتە ناو شاری هەولێر، یاخود داعش هاتووەتە سنووری هەرێم، بە تەواوی رەت دەكەینەوە. ئێمە بە تەواوی رەتی دەكەینەوە كە لە كۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەكەدا هیچ شتێكی لەم شێوەیە گوترابێت و تۆماری دەنگی و گرتەی ڤیدیۆیی ئەم كۆنفڕانسە رۆژنامەوانییە لەلای ژمارەیەكی زۆر میدیاكان هەیە.
ئێمە بە ڕاستی نیگەرانین لە شێوازی گواستنەوەی ئەم هەواڵانە بەم شێوەیە بۆ رای گشتی و ئەمە شێوازێكی نابەرپرسانەیە كە خەڵكی تووشی نیگەرانی دەكات، چونكە بابەتی ئێمە لەسەر هاتنی ئاوارەكان بۆ سنووری ناوچەكانی پێشمەرگە و ئەو ڕێوشوێنە ئەمنیانە بووە كە بۆ لێپێچینەوە لە كەسانێك دەگیرێتە بەر كە ئەگەری هەیە هاوسۆزییان بۆ داعش هەبێت.
سەبارەت بە بوونی مەترسیی گواستنەوەی زانیاری لەلایەن هەندێك لەو ئاوارانەی كە گومان هەیە هاوسۆزی داعش بن، دەمانەوێت بڵێین ئەگەر مەترسی بوونی ئەم كردەوانە هەبێت ئەوە لەسەر هەموو كوردستان هەیە نەك تەنیا هەولێر.
لە كۆتاییدا وەك لیژنەی دەرخستنی راستییەكان راپۆرتی ئەو میدیایانە رەت دەكەینەوە كە باس لە بوونی مەترسی بۆ سەر شاری هەولێر و دزەكردنی داعش بۆ هەولێر و هەرێم دەكەن، ئەگەر بێت و هەواڵەكان بەم شێوەیە و بە نادروستی بگەیەندرێنە رای گشتی، ئەوە ئێمە ناچار دەبین ئیجرائاتی خۆمان بەرانبەر ئەم میدیا نابەرپرسانە وەربگرین و چیتر بانگهێشتی كۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەكانمانیان نەكەین.
لیژنەی دەرخستنی راستییەكان
18/8/2016




