"زیاتر لە 450 گوند ئاوەدان نەكراونەتەوە.. چەكدارانی پەكەكە باج وەردەگرن"

دهۆك-KDP.info- زیاتر لە 450 گوند لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان لەبەر پەكەكە ئاوەدان نەكراونەتەوە و، زۆربەیشیان دەكەونە سنووری دهۆك، ئەوەیش گلەیی و گازندەی هاووڵاتیانی بە دوای خۆیدا هێناوە، وەك هاووڵاتیانیش ئاماژەی بۆ دەكەن، ساڵانە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر گوندەكانی خۆیان، پەكەكە باج وەردەگرێت.
(خدر فكری) هاووڵاتییەكی سنووری شارەدێی شێلادزێیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "چۆڵبوونی گوندەكان لە دوای ساڵی 1975 دەستی پێ كرد، گوندەكانی ئێمە پێشتر ئاوەدان بوون، بەڵام دوای هاتنی چەكدارانی پەكەكە بۆ گوندەكانی ئێمە و كوشتن و ئازاردانی خەڵكی ئاسایی، ناچار بووین گوندەكەمان چۆڵ بكەین، ئێستا بە داخەوە لەبەر هێزێكی كوردی ناتوانین بگەڕێینەوە سەر گوندەكەمان، هەر جارێك بگەڕێینەوە ئازارمان دەدەن و لێناگەڕێن شەوانە لە گوندەكانمان بمێنینەوە، ئێستا ئەو گوندانە، بوونەتە شوێنی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە و بەردەوام وڵاتی توركیا گوندەكانی ئێمە بۆردوومان دەكات، بۆیە داواكارین هەرچی زووە پەكەكە بنكە و بارەگاكانی خۆی لە گوندەكانی ئێمە بباتە دەرەوە، تا بتوانین گوندەكانمان ئاوەدان بكەینەوە".
(كەریم سەباح) هاووڵاتییەكی دیكەی سنووری شارۆچكەی ئامێدییە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە گوندەكەمان ڕووبەرێكی زۆر لە زەویی بەراوم هەیە، ئەگەر لەبەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە نەبووایە، دەمتوانی بەرهەمێكی باش پێشكەش بە حكوومەت بكەم، لەگەڵ ئەوەیش نزیكەی 200 هەنگم هەن، ساڵانە لە وەرزی بەهار هەنگەوانان، هەنگەكانی خۆیان دەبەن بۆ كوێستانەكانی ناوچە سنوورییەكان، بەڵام بۆ ئەوەی بیبەن بۆ ئەو شوێنانە چەكدارانی پەكەكە باج وەردەگرن، كە بۆ هەر هەنگێك 5 هەزار دینار وەردەگرن، ئەوەیش دەكاتە پارەیەكی زۆر، ئەگەر بۆ ئەو شوێنانەیشی نەبەین هەموویان لەبرسان دەمرن و هەنگوینی باش ناكەن، بۆیە داوا لە حكوومەتی هەرێم دەكەین، داوا لە پەكەكە بكات بنكە و بارەگاكانی خۆی لە گوندەكانی ئێمە بباتە دەرەوە، ئەگەر هەر نایانبات، با باج لە ئێمە وەرنەگرێت و لێ بگەڕێن بە ئاسانی بگەڕێینەوە سەر گوندەكانمان و كاری خۆمان بكەین".
(ڕزگار سدقی) سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون و زەرەروزیانەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "190 گوند لە سنووری ئامێدی لە ساڵی 1992 تا ئەمڕۆ پێویستە قەرەبوو بكرێنەوە، لە ماوەی ساڵی رابردووەوە تا ئەمڕۆ لەبەر پەكەكە و بۆردوومانەكانی توركیا زیاتر لە 70 گوند و ئاوایی زەرەروزیانیان بەركەوتووە و سووتان و ڕەز و باغی هاووڵاتیان سووتاوە و ئاژەڵی هاووڵاتیان لەناو چوونە، هەتا پڕۆژە و خانووی ئەوان زیانیان بەركەوتووە، بۆیە هاووڵاتیانی ئەو گوندانە داوای قەرەبوو دەكەن و هەروەها داواكارن بگەڕێنەوە سەر گوند و ئاواییەكانی خۆیان".
رابین شێروانی




