٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیژنەی دەرخستنی ڕاستییەکان، ڕەوشی ژیانی خەڵکی ناوچە تازە ئازادکراوەکانی خستە ڕوو

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەبارەت بە دەرەنجامی کارەکانی، د.دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی (دەرخستنی ڕاستییەکان) ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی ڕێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ و  ژمارەیەک ڕێکخراوی نێودەوڵەتی چەند ڕاپۆرتێکیان سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤی لە ناوچە  تازە ئازادکراوەکان بڵاو کردەوە، پاش بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتانە لیژنەکەمان دەست بەکار بوو بە وردی بەدواداچوونمان بۆ ڕەوشی دانیشتووانی ناوچە تازە ئازادکراوەکان کرد و ڕاستی و دروستی ڕەوشی ئێستای ئەم ناوچانەمان بۆ ئەمنستی ئینتەرناشناڵ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە  خستەڕوو.

 

دوابەدوای دەرچوونی فەرمانی ژمارە (٣٠)ی ڕۆژی٤ی نیسانی ٢٠١٦ ی جەنابی سەرۆکی حکومەت بۆ دەرخستنی ڕاستیەکانى ئەو تۆمەتانەى کە لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە دەخرێنە پاڵ هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان لەسەر ڕەوشی ژیانی هاووڵاتیانی سڤیل لە ناوچە تازە ئازادکراوەکان، لیژنەی (دەرخستنی ڕاستییەکان) بۆ ناوچە تازە ئازادکراوەکان  پێکهێنرا و مەبەست لە پێکهێنانی ئەم لیژنەیە دۆزینەوەی ڕاستییەکان بوو سەبارەت بەو ناوچانەی لە دەستی داعش ڕزگارکراون. ئەم لیژنەیە لە نوێنەرانی سەرۆکایەتی هەرێم، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی پێشمەرگە و ئاسایشی گشتی پێکهاتبوو و کارەکانی سێ مانگی خایاند. لەم ماوەیەدا لیژنەکە سەردانی میحوەرەکانی دیالا، موسڵ، کەرکووک، مەخمور و گوێڕ کرد و چاوی بە بەرپرسە ئیداری، سەربازی، حکوومی و سەرۆکی هۆزە عەرەبەکانی ناوچەکە  و هاووڵاتیان کەوت بۆ  ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوشی ئەم ناوچانە و دانیشتووانی لە پێکهاتە جیاوازەکان بێت. کارەکانی ئەم لیژنەیە چوار تەوەری سەرەکی لەخۆگرتبوو ئەوانیش: خاپوورکردنى خانووی هاووڵاتیان، دەستگیرکردنى هەڕەمەکى، ئازادی هاتووچۆی هاووڵاتیانی سڤیل و ڕاگواستنی زۆرەملێ و گەڕانەوەی هاووڵاتیان.

 

سەبارەت بە دەرەنجامی کارەکانی، د.دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی (دەرخستنی ڕاستییەکان) ڕایگەیاند" دوای ئەوەی ڕێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ و  ژمارەیەک ڕێکخراوی نێودەوڵەتی چەند ڕاپۆرتێکیان سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤی لە ناوچە  تازە ئازادکراوەکان بڵاوکردەوە، پاش بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتانە لیژنەکەمان دەست بەکار بوو بە وردی بەدواداچوونمان بۆ ڕەوشی دانیشتوانی ناوچە تازە ئازادکراوەکان کرد و ڕاستی و دروستی ڕەوشی ئێستای ئەم ناوچانەمان بۆ ئەمنستی ئینتەرناشناڵ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە  خستەڕوو.

 

سەرۆکی لیژنەی (دەرخستنی ڕاستییەکان) سەبارەت بە میحوەری دیالا گوتی" بەپێی زانیاری بەرپرسە سەربازی و ئەمنییەکان کە لە بەداواچوونەکانماندا لە میحوەری دیالا بەدەستمان کەوتووە، ئەو خانووانەی لەم ناوچەیە تێکدراون بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو تێکنەدراون بەڵکو لە ئەنجامی شەڕ، بۆردوومانی بەردەوام، خۆحەشاردانی تیرۆریستانی داعش و بۆمبڕێژکردنی خانووەکان لەلایەن داعشەوە تێکدراون، لەوانەش گوندی (وەحدە) کە لە ڕاپۆرتەکان زۆر باسی لەسەرکراوە، هەروەها خەڵکی ناوچەکەش جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە دوای هاتنی حەشدی شەعبی بۆ ناوچەکە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە خاپور کراون".

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا د. دیندار زێباری ئاماژەی بەوە کرد پاش ئازادکردنی ناوچەکان بەتایەبتی جەلەولا ژمارەیەکی زۆر خەڵک گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان ئەوانەش لە هەرێمی کوردستان ماونەتەوە بە باشی هاوکاری کراون و لەم بارەوە وتی "حکومه‌تی ھه‌رێم زیاتر له‌ توانای خۆی باوه‌شی بۆ عه‌ره‌به‌ ڕاگوێزراوه‌کانی ناوچه‌که‌ کردۆته‌وه‌ و که‌مته‌رخه‌می نه‌کردووه‌، ته‌نانه‌ت خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ پێشمه‌رگه‌ ھاوکاری سه‌ره‌کیان بووه‌ و له‌به‌رامبه‌ردا حکومه‌تی ئیتیحادی وەکو پێویست نەبووه‌. هەروەها پاش ڕزگارکردنی ناوچه‌ی جه‌له‌ولا له‌ژێر ده‌ستی داعش، له‌ ڕۆژی (١٣/١/٢٠١٦)ەوە به‌پێی به‌رنامه‌یەک چەندین گەڕەک ئاوه‌دانکراوه‌ته‌وه‌ لەوانە (الگلیعه‌، العروبه‌، الشھداء، الجماھیر) و دوای گه‌ڕانه‌وه‌ش ئاو و کاره‌با و پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانیان بۆ دابینکراوه"‌.

 

سەبارەت بە وێرانکاری و گەڕانەوەی خەڵک لە میحوەری مووسڵ و ئەو ڕوێوشوێنانەی دەزگا ئەمنییەکانی ناوچەکە دەیگرنە بەر سەرۆکی لیژنەی (دەرخستنی ڕاستییەکان) ڕایگەیاند" وێرانکاری ئەم ناوچەیە بە سێ قۆناغ بوو، ئەوانیش قۆناغی کۆنتڕۆڵکردنی لەلایەن داعش، قۆناغی بۆردوومانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان و دواتریش قۆناغی ئازاد کردنەوە لەلایەن پێشمەرگەوە، لەم ماوەیەدا چەندین شەڕی قورس لەو ناوچانەدا ڕوویاندا و فڕۆکە جەنگییەکانیش ناوچەکەیان بە سەختی بۆردومان کرد. سەبارەت بە گەڕانەوەی خەڵکیش، ئەو ناوچانەی کە لە هێڵی تەماسەوە دوورن خەڵکەکەی دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بۆ نموونە لەماوەی نێوان ٦/٩/٢٠١٥ تاوەکو ١٢/٥/ ٢٠١٦ نزیکەی (١٢٨) خێزان کە لە موسڵ و وڵاتى سوریاوە هاتوون لە ڕێگاى هێزە ئەمنییەکانەوە لە ناوچەی دەوروبەری زوممار نیشتەجێ کراون و بەشێکیشیان چوونەتە پارێزگاکانى دهۆک، هەولێر و سلێمانى و لەوێ نیشتەجێ بوون، بەڵام بەشێک لە دانیشتووانی گوندەکان پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە ئەوانە خۆیان ناگەڕێنەوە و ناوچەکانیان جێهێشتووە. بەشێکی دیکەشیان کە لە هێڵەکانی تەماسەوە نزیکن یان ناوچەکانیان وێرانکراوە  بۆ پاراستنی ژیانیان و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست ناتوانن بگەڕێنەوە و ئێستا لە کەمپەکان نیشتەجێ کراون".

 

بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە و ڕێگا گرتن لە دزە کردنی تیرۆریستان، دەزگا ئەمنییەکان چەند ڕێوشوێنێکی تایبەتیان بەرامبەر بە گشت پێکهاتەکانی ناوچەکە گرتووەتەبەر بەر بە کورد وعەرەب و گشت پێکهاتەکانی دیکەشەوە بەتایبەتی لە بازگەکان و خاڵەکانی پشکنین، سەبارەت بە دەستگیر کردنی گومان لێکراوانیش ئەو کەسانەی کە گومانی پەیوەندی کردنیان بە داعشەوە لێ بکرێت دەزگا ئەمنییەکان بەپێی ڕێوشوێنی یاسایی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکەن.

 

لە میحوەری مەخمور - گوێڕ تا ئێستا چەندین ناوچە ئازادکراوە و ئۆپەراسیۆنەکانیش بەردەوامە و هاووڵاتیان نەگەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان، لەم ڕووەوە زێباری وتی: "بە گوێرەی زانیاری لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەو وێرانکاری و کاولکاریانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوویداوە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ژمارەیەکی زۆر بۆمبی چێندراو کە بەشی زۆریان لەکاتی هەوڵدان بۆ خاوێنکردنەوەی بە هێزە ئەندازیاریەکانی پێشمەرگەدا تەقیونەتەوە. بەشێکی دیکە لە هۆکارەکان بوردومان کردنی ئەم ناوچانەیە لەلایەن فڕۆکەکانی هاوپەیمانان و چەکدارانی داعشەوە و زۆربەی ئەو گوندانەی تێکدراون گوندی کوردنشین بوونە، هەروەها نزیکەی ٥٠ کەس لە خەڵکی گوێڕ پەیوەندیان بە داعشەوە کردووە و هەر خۆیان بەشێك لە خانووەکانیان تەقاندووەتەوە و مەبەستیان لەم کارە زڕاندنی ناوی هێزەکانی پێشمەرگە بووە.  لەلایەکی دیکەوە بەشێک لە عەرەبەکانى مەخمور لە هەولێر نیشتەجێن و فەرمانبەرن و خۆیان نایانەوێت بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، تەنانەت کوردەکانیش ناگەڕێنەوە چونکە ناوچەکە پارێزراو نییە. بەڵام هەردوو گوندى (هەوێرە، مەچلوبە) گوندى عەرەبنشینن و گەڕاونەتەوە شوێنەکانى خۆیان".

 

سەبارەت بە دەستگیرکردنی خەڵک، کاتێک دەزگا ئەمنییەکان زانیاری و بەڵگەی بەهێزیان لە بەردەستدا بێت گومان لێکراوان دەستگیر دەکەن چونکە لەو ناوچانە بەردەوام خەڵک ڕوو لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە دەکەن و تاکو ئێستا بە هەزاران کەس لە خاڵەکانی پشکنینی ئەم سنوورە خۆیان ڕادەستی هێزەکانی پێشمەرگە کردووە، بەڵام لە نێوان ئەو کەسانەدا کە خۆیان ڕادەست کردووە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی تێدایە کە بۆ مەبەستی سیخوڕی و گەیاندنی زانیاری بۆ داعش هاتوونەتە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە و زانیاری دەربارەی خاڵەکانى پشکنین و سەنگەرەکانی پێشمەرگە بە داعش دەگەیەنن.

 

سەبارەت بە پارێزگای كەرکوک و هەماهەنگی نێوان دەزگا ئەمنییەکانی ئەو پارێزگایە سەرۆکی لیژنەی (دەرخستنی ڕاستییەکان) وتی:" لیژنەیەکی ئەمنی پێکهێنراوە کە لە (پارێزگار کە سەرۆکی لیژنەی ئەمنییە، جێگری پارێزگار (عەرەبی سوننەیە)، بەڕێوەبەری پۆلیس (کوردە)، ئاسایش، بەڕێوەبەری هەواڵگری (تورکمانی شیعەیە)، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوشار (تورکمانە)، بەڕێوەبەری موخابەرات (عەرەبی سوننەیە) و نوێنەری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک پێکهاتووە و ئەرکی ئەم لیژنەیە پاراستنی ئەمنییەتی پارێزگاری کەرکوکە. هەموو بڕیارەکان بە هاوبەشی لە نێوان ئەندامانی ئەم لیژنەیە دەردەچێت، بۆیە هەماهەنگییەکی باش لەنێوان دەزگا ئەمنییەکانی ناوچەکە هەیە".

 

سەبارەت بە دەرکردنی ئەو ڕاگوێزراوانەی ڕوویان لە کەرکوک کردووە د. دیندار زێباری ڕایگەیاند: "تەنها لە ساڵی ٢٠٠٦ نزیکەی (٧٠٠٠) خانەوادەی عەرەب هاتوونە کەرکوک و ماونەتەوە کە زۆربەیان خەڵکی ناوچەی سەڵاحەددینن و ناگەڕێنەوە، ئاوارەکانی ئەو شوێنانەی کە سوننە و شیعە تێکەڵن ئامادە نین بگەڕێنەوە، بۆ نموونە ساڵێک زیاترە دیالا ئازاد کراوە کەچی خەڵکەکەی ئامادە نین بگەڕێنەوە سەرەڕای ئەوەش کەس بە زۆر نانێردرێتەوە، لە ماوەی دوو ساڵدا حکومەتی عێراق تەنیا ٦ملیۆن دۆلاری ناردووە بۆ کەرکوک سەرەڕای ئەمەش ئێستا لە کەرکوک زیاتر لە نیو ملیۆن ئاوارە هەیە و ئەم پرۆسەیەش بەردەوامە لایەنە پەیوەندیدارەکان پێشوازییان لێدەکەن و هاوکارییان دەکەن، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە خەڵک لە شوێنی خۆیان بە زۆرەملێ ناگوازرێنەوە".

 

لە کۆتاییدا د. دیندار زێباری، سەرۆکی لیژنەی (دەرخستنی ڕاستییەکان) سەبارەت میحوەری کەرکوک و هەموو ئەو میحوەرانەی لیژنەکە سەردانی کردووە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە وێرانکاری و کاولکارییەکان بە مەبەست نەبووە و چەندین هۆکار لە پشت ئەم کاولکاریانەوە بوونە و گوتی: "بەشێک لە خانووی هاووڵاتیانی ناوچەکە لە کاتی شەڕ و لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکان و بۆمبڕێژکردنیان وێران بوون، لەلایەکی دیکەشەوە خەڵکی هەندێک لە گوندەکان بەتایبەتی لە کەرکوک پەیوەندییان بە (قاعیدە)وە کردووە ئێستاش داعشن و لە گوندەکانی خۆیان خەڵکیان فێرکردووە خۆیان بتەقیننەوە".

هەواڵی پەیوەندیدار