دۆسیەی پرسیاردرکێنەکان، هێشتا لە دادگادایە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسێكی وەزارەتی پەروەردە دەڵێ، هێشتا وەزارەت لەگەڵ دادگا و دەزگا ئەمنییەكان بەردەوامن لەسەر یەكلاكردنەوەی دۆسیەی دزین و درکاندنی پرسیاری ئەزموونەكان و، هەر كەسێك لەسەری سەلمێندرا دەستی هەبووە، سزای یاسایی دەدرێت.
)برهان ئەرگووشی)، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی پەروەردە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو كەسانەی بە تۆمەتی دزینی پرسیارەكانی ئەزموونی كۆتایی ساڵ دەستگیر كراون، هێشتا لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت و بەو ئاسانییە لەسەریانەوە ناچێت، كە دەستیان هەبووە لە دزەپێكردنی پرسیارەكان".
ئەرگووشی ڕاشیگەیاند: "ئەو كەسانەی دەستگیر كراون، ڕادەستی دادگا كراون؛ وەزیری پەروەردە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان و دادوەر لە پەیوەندیی بەردەوامدان بۆ ئەوەی هەر كەسێك بەڵگەی لەسەر ئاشكرا بێت دەستی هەبووە لەو تاوانەدا، ئەوا بێگومان بە گوێرەی یاسا سزا دەدرێت و دۆسیەكەیش هێشتا بەردەوامە".
قائید میرۆ




