فراكسیۆنی زهرد، پارتی لە ئۆتۆنۆمییەوە بۆ فیدراڵییەت و مافی چارەنووس

هەولێر-KDP.info- فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان، لە ڕاگەیەندراوێكدا بە بۆنەی (16ـی ئاب)ـەوە ڕایدەگەیێنێت، پارتی، 70 ساڵـە هەنگاوی گەورە دەنێت و سات بۆ سات چاو لە ئامانجی گەورەتر دەبڕێت، تا خاك و گەلی كوردستان بۆ هەمیشە، لە ژێردەستەیی ڕزگار بكات و بیانگەیەنێتە ئەو ئامانجەی، كە سەدان ساڵە لە پێناویدا خەبات دەكات و قوربانی دەدات.
ئەمەیش دەقەكەیەتی:
(70 ساڵ) تەمەنی پارتی.. لە ئۆتۆنۆمییەوە بۆ فیدراڵییەت و مافی چارەنووس
.ڕۆژی (16ـی ئابی 2016) تەمەنی خەباتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەگاتە (70 ساڵ)، لەو مێژووە دوور و درێژەدا، پارتی جگە لەوەی قوتابخانەیەك بووە بۆ پێگەیاندنی دەیان سەركردە، كە ئەمڕۆ زۆرینەیان كاراكتەری سیاسیی كاریگەری هەرێمی كوردستان و عێراقن، كاروانێكی بەردەوامیش بووە بۆ گەیاندنی كوردستان بە كەناری ئارامی و ڕهچەشكێنی ئەو ڕێیە بووە، كە گەلی كوردستان بۆ سەربەخۆیی گرتوویەتییە بەر.
پارتی، 70 ساڵـە، هەنگاوی گەورە دەنێت و سات بۆ سات چاوی لە ئامانجی گەورەتر دەبڕێت، تا خاك و گەلی كوردستان بۆ هەمیشە، لە ژێردەستەیی ڕزگار بكات و بیانگەیەنێتە ئەو ئامانجەی، كە سەدان ساڵە لە پێناویدا خەبات دەكات و قوربانی دەدات و خوێن دەبەخشێت.
پارتی، 70 ساڵە پێشڕەوی گەلی كوردستان دەكات، لە ساتە سەختەكاندا بۆ هەستانەوە، لە ساتە تاریكەكاندا بۆ دەرخستنی ڕووناكی، لە ساتی كەوتن و نسكۆدا، ئومێدێك بووە كە گەلی كوردستان لە دەوری كۆ بوونەتەوە و لەو تەمەنەی خۆیدا، بە گوێرەی سەردەم و واقیعی سیاسی كوردستان و ناوچەكە و جیهان، درووشمەكانی خۆی هەڵگرتووە و لێیان پاشگەز نەبووەتەوە، كاری تەواویشی كردووە، تا بیانكات بە واقیع و لە ڕووی سیاسی و یاساییەوە بیانچەسپێنێت، ئەمەیش ئەو متمانە گەورەیەی بۆ درووست كردووە، كە ئەمڕۆ خەڵكی كوردستان پێیداوە و وەك گەورەترین حیزبی سیاسی هەرێمی كوردستان ڕۆڵی سەرەكی لە بەڕێوبردنی وڵاتدا هەیە.
پارتی لە سەرەتای دووستبوونییەوە، درووشمی ئۆتۆنۆمی هەڵگرت و لە ڕێككەوتننامەی (11ـی ئازاری 1970) چەسپاندنی و حكوومەتی عێراقی ناچار كرد، ددان بە مافە دەستوورییەكانی كوردستانی عێراقدا بنێت، كە شۆڕشی ئەیلوولی مەزنی لە پێناودا هەڵگیرساندبوو، لە ڕاپەڕینە مەزنەكەی ساڵی (1991)ـی خەڵكی كوردستانیشەوە، درووشمی فیدراڵی هەڵگرت و لەدوای ئازادكردنی عێراق لەلایەن هاوپەیمانانهوه لە ساڵی (2003) و دروستكردنی ئەنجوومەنی حوكم و نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراق، وەك مافێكی دەستووری هەرێمی كوردستان چەسپێندرا.
لە ئێستایشدا پارتی ڕهچەشكێنی ڕێگەی سەربەخۆییە، درووشمی بەرەو ڕیفراندۆم و مافی چارەنووسی كوردستانی لە كۆنگرەی (13)ـوە بەرز كردووەتەوە و كاری جیددی بۆ سەرخستنی ئەو درووشمەیش دەكات، ئێستا گەلی كوردستان، لە سایەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سەرۆكایەتیی بەڕێز (سەرۆك بارزانی) كە لە هەمان كاتدا فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، لە خەباتێكی بەردەوامدایە، بۆ ڕزگاركردنی ئەو خاكە داگیركراوانەی، كە ساڵانێكە لە ژێر باری تەعریب و داگیركاریدا دەناڵێنن، ئەمەیش دڵنیاییەكی گەورەتر بە خەڵكی كوردستان دەدات، كە وڵات لە دەستێكی ئەمیندایە و هەر ئەو دەستە ئەمینەیش خەونە مێژووییەكانییان دەكات بە واقیع، بۆیە متمانەی زیاترییان بەو دەستە ئەمینە هەیە و هەمووان چاویان لەو ساتە بڕیوە، كە بڕیار لەسەر گشتپرسی و دیاریكردنی چارەنووسیان دەدات، ئەمەیش ئامانجێكە و پاشگەزبوونەوەی بۆ نییە.
لە یادی (16ـی ئاب) و (70 ساڵ)ـەی خەباتی پارتیدا، سڵاو لە شەهیدان و كەسوكارە سەربەزەكەیان.
سڵاو لە متمانەی خەڵكی كوردستان، كە وڵات وداهاتوویان داوەتە دەست دەستێكی ئەمین و دڵنییان بەرەو كەناری ئارامییان دەبات.
سڵاو لە خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان، كە سەرەڕای سەختیی ژیان و ئەو قەیرانە ئابوورییەی ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، ددانیان بە خۆیاندا گرتووە و تەحەمولی ناڕەحاتییەكانیان كردووە، چونكە دەزانن ڕێگەی سەربەخۆیی و ڕزگاری هەمیشەیی، قوربانی دەوێت.
سڵاو لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان، كە لە ژێر فەرماندەیی (سەرۆك بارزانی)ـدا، ڕۆژ بە ڕۆژ سەركەوتنی گەورەتر تۆمار دەكەن و بە خوێنی خۆیان، سنوورەكان دیاری دەكەن.
.فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان
16ـی ئابی 2016




