٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسروور بارزانی: هیوادارم هه‌رچیی زووتره‌ بە سەربەخۆیی کوردستان شاد بین

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  لە یادی 70 ساڵ خەبات و قوربانیدانی پارتیدا، (مەسروور بارزانی) پیرۆزبایی سەرکەوتنی پێشمەرگە قارەمانەکان له‌ (سه‌رۆك بارزانی) دەکات. هه‌ر له‌و پەیامه‌یدا كه‌ لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، (مەسروور بارزانی) رایده‌گه‌یێنێ، ''هیوادارم بۆ ئەوەی رۆحی بەرزەفڕی شەهیدان ئاسوودە بێت و رەنج و تێکۆشان و خۆراگریی گەلەکەمان بەفیڕۆ نەچێت، بە سەرۆکایەتیی جەنابتان هەرچیی زووتر ئامانجی لە مێژینەی گەلەکەمان بێتە دی و بە سەربەخۆیی کوردستان شاد بین.''


دەقی پەیامی (مەسروور بارزانی):
باوکی خۆشەویست و ئازیزترین کەس و سەرۆک و پێشمەرگەی کوردستان، بە بۆنەی سالرۆژی لە دایکبوونی جەنابت و یادی 70 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، وێرای هیوای تەمەندرێژی بۆتان، لە خوای گەورە دەپارێمەوە هەمیشە پارێزراو و سەرکەوتوو بن.
پیرۆزبایی سەرکەوتنی پێشمەرگە قارەمانەکانتان لێ دەکەم. خۆم بە سەربەرز و سەرفراز دەبینم کە وەک زۆرێک لە پێشمەرگە و کادیران، لە خزمەت بەرێزتان فێری کوردایەتی و خەبات و تێکۆشان و کۆڵنەدان بووین. شانازیتان پێ دەکەم کە بە هەموو تەمەنی خۆتان خزمەتی کوردستانتان کردووە. تا ماوم خۆم بە قەرزداری دڵپاکی و دڵفراوانی و دڵسۆزی و گەورەیی بەرێزتان دەزانم.
لەم رۆژەدا کە یادی 70 ساڵ خەبات و قوربانیدانی پارتی دەکەینەوە، دڵنیام بە رابەرایەتیی بەرێزتان پارتی دیموکراتی کورستان بەهێزتر لە جاران لە تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی ماف و سەرکەوتنی زیاتر بۆ گەلەکەمان بەردەوام دەبێت.
هیوادارم بۆ ئەوەی رۆحی بەرزەفڕی شەهیدان ئاسوودە بێت و رەنج و تێکۆشان و خۆراگریی گەلەکەمان بە فیڕۆ نەچێت، بە سەرۆکایەتیی جەنابتان هەرچی زووتر ئامانجی لە مێژینەی گەلەکەمان بێتە دی و بە سەربەخۆیی کوردستان شاد بین.
مەسرور بارزانی
16/8/2016

هەواڵی پەیوەندیدار