٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئێمینكی: هەوڵەكانی بارزانی بەردەوام دەبن تا دەگەینە چارەسەری بنەڕەتی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، هەوڵەكانی (سەرۆك بارزانی) بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكان بەردەوامە و، بەردەوامیش دەبێت تا دەگەینە چارەسەری بنەڕەتی.

(د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتیی كوردستانی راگەیاند: "مێژوو ئەو شایەتییە بۆ (سەرۆك مەسعوود بارزانی) دەدات كە هەمیشە هەوڵی داوە ناوماڵی كورد رێك بخات و هەریمی كوردستان بەرەو ئاییندەیەكی باشتر و باشتر ببات، ئەو هەمیشە فاكتەری هێز و یەكڕیزی بووە بۆ خەڵكی كوردستان، هەمیشەیش لە هەوڵداندا بووە، بۆ ئەوەی دەستكەوتە مێژووییەكانی كوردستان بپارێزرێن و كەلێن و ناكۆكی و گرفتەكان بە دیالۆگ چارە بكرێن".

(ئێمینكی) گوتیشی: "دیارە هەوڵەكانی (سەرۆك بارزانی) بۆ چارەكردنی گرفتە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان كە هەموو گرفتی لاوەكین، بەردەوامن و بەردەوامیش دەبن تا چارەیەكی رەوا و گونجاو و بنەڕەتییان بۆ دەدۆزرێتەوە".

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ده‌شڵێت، دڵنیام ئەم جارە بە میكانزمێكی نوێ و نەرم و تا ڕادەیەكی زۆر سەركەوتووتر دەبێت لە جاران و پێویستیشە پەرە بە هەوڵەكان بدرێت، بۆ ئەوەی هەوڵەكان خێراتر بەرەو چارەسەری بچن و، ئەگەر بە عەقڵییەت و تەكنیكی براوە-براوە بیر بكەینەوە و دیالۆگ بكەین، بە دڵنیایەوە زووتر دەگەین بە چارەسەری گشت گرفتەكان".

پێوەست بە قسەكانی (نووری مالیكی) سەرۆكی حزبی دەعوە كە باسی لەوە كردبوو گۆڕان و یەكێتی لەگەڵ ڕیفراندۆمدا نین، (د. جەعفەر) ئاماژەی دا: "بۆ پرسی سەربەخۆیی و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان، كورد خۆی بریاری خۆی دەدات و پێویست بە بۆچوونی (مالیكی) ناكات".

 

كارزان سەباح هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار