فڕاكسیۆنی پارتی: هەموو كورد چاوی بڕیوەتە پارتی و سەرۆكەكەی بۆ بەدیهێنانی ئاواتەكانیان

بەغدا-KDP.info- لە یادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیێنێت: "هیوادارین ئەم یادە ببێتە هەوێنی پێكەوەژیان و پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلەكەمان و، ببێتە هاندەرێك بۆ كاركردنی زیاتر و هەنگاونان بەرەو سەركەوتنی گەورەتر و هاتنەدیی سەرجەم ئاواتەكانمان".
ئەمەیش دەقەكەیەتی:
لە یادی پڕشكۆی (16ــی ئاب)ـدا، یادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە ساڵی 1946 بە رێبەرایەتیی (بارزانی نەمر) دامەزرا، بە ناوی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جوانترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی جەنابی (سەرۆك بارزانی) و ڕێزدار (نێچیرڤان بارزانی) جێگری سەرۆك و هەڤاڵی هێژا بەڕێز (مەسرور بارزانی) و سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و سەرجەم ئەندامان و دۆست و لایەنگران و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی كوردستان دەكەین.
لەم یادە پیرۆزەدا جوانترین چەپكەگوڵی خۆشەویستی و ڕێز و وەفا پێشكەش بە گیانی پاكی باوكی ڕۆحیی نەتەوەی كورد (بارزانی نەمر) و ئەندازیاری ئاشتی (كاكە ئیدریس)ـی هەمیشە زیندوو دەكەین.
ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دوای 70 ساڵ بەسەر خەباتی نەپساوەی، خاوەنی سەدان داستانی پڕ لە سەروەری و ئەم هەموو شەهیدە نەمرانەی رێگای سەرفرازی و خاوەنی زۆربەی هەرە زۆری ئەو دەستكەوتانەیە كە ئەمڕۆ بەدەست هاتوون، ئێستایش لە قۆناغێكی سەختی خەبات و بەرگریداین و لە حاڵەتی بەرپەرچدانەوەی هێرشی دڕندانەی گرووپی تیرۆریستیی داعشداین و زۆر لەو داخوازیانەی كە پارتی 70 ساڵ بەر لە ئێستا بەردی بناغەی بۆ داناوە، هێشتا نەهاتوونەتە دی و هەموو كوردیش چاوی بڕیوەتە پارتی و سەرۆكەكەی، بۆ بەدیهێنانی ئاواتیان لە سەربەخۆیی ودامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان.
لەم یادە پیرۆزەدا ئێمەی سەرۆك و ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سۆز و بەڵێنمان بۆ رێبازی (بارزانی نەمر) دووپات دەكەینەوە و
هیوادارین ئەم یادە ببێتە هەوێنی پێكەوەژیان و پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلەكەمان و، ببێتە هاندەرێك بۆ كاركردنی زیاتر و هەنگاونان بەرەو سەركەوتنی گەورەتر و هاتنەدیی سەرجەم ئاواتەكانمان.
پیرۆز بێت یادی حەفتا ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان.
هەر شەكاوە بێت ئاڵای سەركەوتنی كوردستان.
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
15/8/2016




