٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئێمینكی: ئامانجێك 70 ساڵ خەبات لەپێناویدا كرابێت، لەبار ناچێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info-  د. جەعفەر ئێمینکی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ساڵیادی پارتی دەڵێ، لە یادی 70 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی هەڤاڵانی سەركردایەتی و هەموو كادر و ئەندامان و لایەنگرانی پارتی و خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و گەلی كوردستان بە گشتی دەكەین و سۆز و پەیمانی خۆمان بۆ ڕێبازی كوردایەتی و كۆلنەدان، ئازایەتی و بەرخۆدان، ڕێبازی ئاشتی و ئازادی و دیموكراسی و پێكەوەژیان، ڕێبازی بارزانی نەمر، دووپاتدەكەینەوە.

  ئاماژەیشی دا، یادكردنەوەی ڕۆژی 16ـی ئاب، یادكردنەوەی خەباتێكی پرئۆمێد وسەروەرییە، یادكردنەوەی ڕۆژانی سەخت و هەوراز و نشێوە، یادكرنەوەی قوربانیدانی دەیان ساڵە لەپێناو سەركەوتن و ئەو ئامانجە حەتمییەیە و، لەباربردنی، خەون و خەیاڵێكی بێكەڵك و ئەستەمە.

ڕوونیشی کردەوە کە دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1946دا، وەرچەرخانێكی گرنگ بوو لە مێژووی نوێی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستاندا و ئەزموونێكی سیاسی سەركەوتوو بوو بۆ كۆكردنەوەی هێزی سیاسی و هەموو چین و توێژە كۆمەڵایەتییەكان، لە هەمان كاتدا پەیامێكی ڕاستەوخۆ و ڕاستەقینە بوو بۆ دوژمنانی كوردستان كە هیچ هێزێك ناتوانێت ئیرادەی گەل كپبكاتەوە. پارتی بەڕابەرایەتی بارزانیی نەمر گەورەترین شۆڕشی بەرپاكرد و لەهەموو قۆناغەكانی ژیانی سیاسیی كوردستاندا ڕۆڵێكی سەرەكی هەبووە لە پەرەپێدانی هۆشیاریی نەتەوەیی و ڕێكخستن و یەكخستنی ڕیزەكانی گەلی كوردستان و سەروەریی زۆری بۆ ئەم گەلە و بزاڤە ڕزگاریخوازەكەی تۆمار كردووە و هەمیشە چەترێك بووە بۆ هەموو پێكهاتەكانی كوردستان بەبێ‌ جیاوازی و بەبێ ئایدۆلۆژیای بەرتەسك.

ئێمینکی ڕایگەیاند،  لە 25 ساڵی ڕابردووشدا، دوای ڕاپەرینە جەماوەرییەكەی ئاداری 1991، پارتی بە گیانی بەرپرسیارێتییەوە ڕۆڵێكی كاریگەری گێڕاوە لە بونیادنانی ئەم قەوارە سیاسییە ئیدارییەی ئەمڕۆی كوردستان كە دەیان دەستكەوتی بۆ گەلەكەمان لە بوارەكانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و كولتووری و ئاوەدانكردنەوە وەدی هێناوە.

  دەیشڵێ، ئێستاش، لەو هەلومەرجە ناسک و نالەباردا و لە سایەی هاوكێشە سیاسییە ئاڵۆزەكانی ناوچەكەدا، پارتی بە شانازییەوە خۆی بە قافڵەسالار و هەڵگری ئاڵای وەدیهێنانی سەربەخۆیی و دواڕۆژێكی گەش بۆ گەلی كوردستان دەزانێت و لەهەمان كاتیشدا یەكڕیزیی ئەم گەلە ویست و خواستی ڕاستەقینەی پارتییە. لەم یادە پیرۆزەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاكی بارزانی نەمر و ئیدریسی جوانەمەرگ و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریخوازی كوردستان دادەنوێنین؛ سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانە گیانفیداکەر و جەماوەرە خۆڕاگرەکەی كوردستان.

 

هەواڵی پەیوەندیدار