یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان ساڵیادی پارتی پیرۆز دەکات

هەولێر -KDP.info- مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەکات و لە پەیامەکەدا پتەوکردنی پێوەندییەکەیان لەگەڵ پارتیدا دووپات دەکەنەوە.
بۆ بەڕێز مەكتەبى سیاسىی پارتى دیموكراتى كوردستان PDK
بابەت/ پەیامى پیرۆزبایى
سڵاوى سەرخۆبوون و ئازادى...
بەبۆنەى (70)یەمین ساڵیادى دامەزراندنى پارتەكەتان (پارتى دیموكراتى كوردستان PDK)، بە ناوى خۆمان و تەواوى ئەندام و دۆست و لایەنگرانى یەكێتییەکەمان YNDK جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەى ئێوە و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانتان دەكەین.
بەڕێزان! پارتى دیموكراتى كوردستان لە گۆڕەپانى سیاسى كوردستان وەك پێویستییەكى مێژوویى و سیاسى هاتە دامەزراندن و بە درێژایى تەمەنە پڕ خەبات و پڕ سەروەرییەکەی بێوچان لە خەبات و بەرخۆداندایە و توانیویەتى ڕێبەرایەتىی چەندین شۆڕشى نەتەوەكەمان لەكوردستاندا بكات، لەهەمان كاتدا توانیویەتى بەشدارى بزاڤى كوردایەتى و سیاسى لە هەموو بەشەكانى كوردستان بكات و فاكتەرێکى سەرەكى و كاریگەر بووە بۆ پێكەوەژیان و پاراستنى یەكڕیزى و هێز و لایەنە ساسییەكانى كوردستان.
لەم قۆناغە هەستیارەى ئەمڕۆی كوردستان و عێراق و ناوچەكەدا زیاتر لە جاران پێویستمان بە یەكڕیزی و یەكخستنى گوتارى سیاسیمان هەیە بۆ ئەوەى بە هەموو لایەكمان بتوانین بەرەنگارى هێرشە ناڕەواكانى دژمنان و داگیركەران ببینەوە لەپێناو بەدیهێنانى تەواوى مافەكانى گەلى كوردستان و، هەنگاونان بەرەو ڕیفراندۆم و سەربەخۆییى كوردستان.
لەم بۆنەیەتاندا جارێكى تر جەخت دەكەینەوە سەر توندوتۆڵتركردنى پەیوەندىیەکەی نێوانمان لە پێناو زیاتر خزمەتكردنى جەماوەرى كوردستان و پاراستنى دەستكەوتەكانمان كە بەرى ڕەنجى خەبات و تێكۆشانى جەماوەر و پێشمەرگە و خوێنى شەهیدانمانە.
هەر سەركەوتوو بن
لەگەڵ ڕێزماندا.
مەكتەبى سیاسیی یەكێتى نەتەوەیى دیموكراتى كوردستانYNDK




