ئۆپراسیۆنەکەی خازر بە گەورەترین دەستکەوت کۆتایی هات

خازر-KDP.info- فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگە دەڵێت، بە هێرشەکەی میحوەری خازر، بە زەرەرێکی زۆر کەم، دەستکەوت و سەرکەوتنی باشمان هەبوو؛ ئاخر هەم پلانە سەربازییەکە زۆر تۆکمە بوو، هەم سەرۆک بارزانی بە خۆی شەڕەکەی بەڕێوە دەبرد.
(سەلیم سوورچی) فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە ھێزی پێشتیوانی یەک عەمید بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دیارە ھێزی پێشمەرگە دوێنێ لە میحوەری خازرەوە هێرشی کردە سەر داعش و گورزێکی کوشندەی لێیان وەشاند؛ ئەمڕۆ ھێندە ورەیان ڕووخابوو، بەرگەی شەڕیان نەدەگرت و، هەر ئەوەندەیان پێ دەکرا ڕابکەنەوە."
عەمید (سەلیم سوورچی) گوتیشی، جگە لەوەش پلانە سەربازییەکەی ئەمجارە زۆر دەگمەن بوو؛ جاران کە بەرەوڕوو ھێرشمان دەکرد، داعش بەرگەی نەهێنابا، یەکسەر مینیان دادەنایەوە، بەڵام ئەمجار لە پشتەوە دەستمان لێیان وەشاند و، ئەو شکستەمان دەرخواردیان دا."
(سوورچی) ڕوونیشی کردەوە، ئەو هێرشە بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی بوو؛ توانیمان بە زیانێکی زۆر کەم ڕووبەرێکی فراوان لە داعش پاک بکەینەوە و، سەرکەوتنێکی گەورەش تۆمار بکەین.
بڵند ئیبراھیم




