مۆرتكە: ئێستادا پێشمەرگە پڵنگئاسایە.. لە دوای ئۆپەراسیۆنەكەوه داعش بە تەواوی تێك شكاوە

گوێڕ-KDP.info- بەرپرسی میحوەری گوێڕ دەڵێ، ئۆپەراسیۆنەكەی هێزی پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی (سەرۆك بارزانی) سەدا سەد بە گوێرەی پلان و لە كاتی خۆیدا كۆتایی هات، لە دوای ئۆپەراسیۆنەكەی هێزی پێشمەرگەیش، داعش بە تەواوی تێك شكاوە و بەرەو كۆتایی دەچێت.
(جەمال مۆرتكە)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئۆپەراسیۆنەكەی هێزی پێشمەرگە كە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی (سەرۆك بارزانی) داڕێژرابوو، سەدا سەد بە گوێرەی پلان و لەو كاتەی كە بۆی دیاری كرابوو، كۆتایی هات و 12 گوند كۆنتڕۆڵ كران، ئێستایش هیچ مەترسییەكی داعش لە سنووری گوێڕ بوونی نەماوە."
(مۆرتكە) گوتیشی: "دەرگایەكی دیكەمان بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ واڵا كرد و، داعشیش كەوتوونەتە ناوچەی سەلامییە كە نزیكە لە مووسڵ، ئەگەر لە ناوچەی گەیارەیش هێزەكان نەتوانن بەرەو مووسڵ بڕۆن، ئەوا دەتوانن لە گوێڕەوە بەرەو سەلامییە و سەنتەری شاری مووسڵ بڕۆن."
(جەمال مۆرتكە) دهشڵیت، لە دوای ئەو ئۆپەراسیۆنەی هێزی پێشمەرگە، ئیدی داعش بە تەواوی تێك شكاوە و بەرەو كۆتایی دەچێت و هیچ توانایەكی لە سنوورەكەدا نەماوە، لە بەرانبەریشدا هێزی پێشمەرگەی كوردستان رۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر و تۆكمەتر دەبێت و لە ئێستادا هێزیكی پڵنگئاسایە لە بەرانبەر دوژمنانیدا."
لە دوێنێ بەیانییەوە هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئۆپەراسیۆنێكی لە میحوەری گوێڕ و خازر بۆ پاككردنەوەی ناوچەكە لە تیرۆریستانی داعش بەرپا كرد و، كەمێك لەمەوبەر سەركەوتنی یەكجارەكیی ئۆپەراسیۆنەكە راگەیێندرا.
سەرباز واحید




