٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نازم کەبیر: لێكۆڵینەوە لە کوشتنی وەدات حوسێن بەردەوامە

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info-  جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئەنجوومەنە خۆجێییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، رەخنە لەو كەس و لایەنانە دەگرێت، ئەوانەی كەیسی كوژرانی رۆژنامەنووسەكەی دهۆكیان بە سیاسی كردووە و رایگەیاند: "لێكۆڵینەوە دەستی پێ كردووە و چاوەڕِێی ئەنجامی دەزگا ئەمنییەكان دەكەین".

(نازم كەبیر)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كوژرانی رۆژنامەنووس (وەدات حوسێن) لە شاری دهۆك، هەموومانی خەمبار كرد و دهۆك بەو كەشە ئارامەوە جوانە كە هەیەتی، ئێمە لە لیژنەی ناوخۆ بە وردی چاودێریی كەیسی كوشتنی ئەو رۆژنامەنووسە دەكەین و لیژنەی لێكۆڵینەوە بەردەوامە لەسەر ئاشكراكردنی رووداوەكە، هەرچی لیژنەكەیش بڕیار بدات ئەوە ئەنجامەكەی دەبێت، چونكە لێكۆڵینەوەی جیددی لەسەر دەكرێت بۆ دۆزینەوەی بكەرانی رووداوەكە".

جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ دەشڵێ: "بەداخەوە خەڵكانێك پێش رووداوەكە كەوتوون و كەیسی كوژرانی رۆژنامەنووسەكەیان بەسیاسی كردووە، ئەوەیش زیان بە ئەنجامی تاوانەكە دەگەیەنێ، دەبووایە خەڵك بە گشتی چاوەڕێی ئەنجامی ئاشكراكردنی تاوانبارانی رووداوەكە بكەن، نەك بە ئارەزووی خۆیان بۆ هەندێ مەبەستی سیاسی بەكاری بێنن".

(كەبیر) گوتیشی: "دەزگا ئەمنییەكان رژدن لەسەر دۆزینەوەی تاوانبارانی كوژرانی رۆژنامەنووس (وەدات حوسێن) و هیچ نەبێت لەبەر ئەو خەڵكەی شیكاری سیاسی بۆ پرسەكە دەكات."

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەیشی نەشاردەوە كە، رەنگە خەڵكێك هەبن بۆ ناشیرینكردنی پارتی و كەشی ئارامیی شاری دهۆك، تاوانەكەیان ئەنجام دابێت.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار