ئازیزی: پەیەدە هەڵەیەكی گەورەی كرد.. دەستمان درێژ كراوە بۆ یەكڕیزی

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی مەركەزیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا ڕایدەگەیێنێت، پەیەدە خۆیان هەستیان كرد شتێكی زۆر هەڵەیان كرد، چونكە دەستگیركردنی (ئیبراهیم برۆ)، ڕاگەیاندنی جەنگی كورد و كوردە لەلایەن پەیەدەوە.
(د. كاوە ئاەزیزی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دەستگیركردنی كەسێكی وەك (ئیبراهیم برۆ) ڕاگەیاندنی جەنگی كورد و كوردە لەلایەن پەیەدەوە، چونكە كەسێكی ئاسایی نییە، بەڵكو هەڵگری پڕۆگرامێكی نەتەوەیی و پڕۆژەی (بارزانی)ـیە و سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردییە، هەروەها نوێنەری گەلی كوردە لەسەر مێزی گفتوگۆ لە دانوستانە نێودەوڵەتییەكان و جنێف 2 و 3 ".
(ئازیزی) گوتیشی : "بە ڕاستی ئەو كارەی پەیەدە كردی، خۆیان هەستیان كرد كە شتێكی زۆر هەڵەیان كردووە، چونكە هەموو كورد ئەو كارەی قبووڵ نەدەكرد و هێڵی سوور بوو بەلایانەوە."
ئەو ئەندامی لیژنەی مەركەزیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا، هێمای بۆ ئەوەیش كرد: "بەهیواین ئەو ڕەوشە هێور ببێتەوە و ناكۆكی زیاتر قووڵ نەبێتەوە لە نێوان كورداندا، بۆ ئەمەیش دەستی ئێمە درێژ كراوە بۆ برایەتی و یەكڕیزی، چونكە ئەمرۆ دوژمنمان زۆرە كە لە دژی كوردان شەڕ دەكەن و پیلان دادەڕێژن".
نەشوان بەرزنجی




