٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عارف تەیفوور:پێشڕەویكردن دەستی پێ كردەوە و لە ژێر كۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدان

سەرچاوە: KDP.info

خازر-KDP.info- ئۆپەراسیۆنی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر بەردەوامی هەیە و، لە ئێستایشدا گوندی كەنەشی گەورە لەلایەن پێشمەرگەوە گەمارۆ دراوە و زۆری نەماوە كۆنتڕۆڵ بكرێت، بەمەیش ئەو پلانەی دانراوە بە تەواوەتی جێبەجێ دەكرێت.

بەرپرسی میحوەری خازر (عارف تەیفوور)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای ئەوەی دوێنێ هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر ئۆپەراسیۆنێكی فراوانی دەست پێ كرد، توانرا لە كۆی ١١گوند، ١٠گوند ئازاد بكرێن، بەیانیی ئەمڕۆیش بۆ تەواوكردنی پلانی ئۆپەراسیۆنەكە پێشڕەویكردن دەستی پێ كردەوە و، لە ئێستادا ئەو گوندەی مابوو لەلایەن پێشمەرگەوە گەمارۆ دراوە و خەریكە بە تەواوەتی كۆنتڕۆڵ دەكرێت".

(تەیفوور) گوتیشی، لە هەندێك گوند ژمارەیەك تیرۆریستی داعش مابوون و بەیانیی ئەمڕۆ ئەوانەیش بە تەواوەتی پاك كرانەوە و لە ئێستادا لە ژێر كۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگەدان".

بەرپرسی میحوەری خازر دەشڵێ، بە كۆنتڕۆڵكردنی گوندی كەنەشی گەورە، ئەو پلانەی دانراوە ١٠٠% جێبەجێ دەكرێت، ،ئەمەیش سەركەوتنێكی زۆر گەورەیە.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار