''هیچ نوێنەرایەتییەک داناخرێت..ناسنامەى حزبى نوێنەر پەیوەندى بە بودجەى نوێنەرایەتى نییە''
__2016_08_14_h20m7s17__HK.jpg)
هەولێر -KDP.info- ئەو ماوەیە لە ڕاگەیاندنەکانى هەرێمى کوردستانەوە لێدوان و لێکدانەوەى جۆراوجۆر بڵاو کرایەوە گوایە لەبەر بێبوودجەیی، حکوومەتى هەرێمى کوردستان چەند نوێنەرایەتییەکى خۆی لە دەرەوە دادەخات؛ وا فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە لەم ڕوونکردنەویەدا جەخت لەسەر ئەم خاڵانەى لاى خوارەوە دەکاتەوە:
1. فەرمانگە بە پێى ئەو بڕە پارەیەى کە لە لایەن سەرۆکایەتیى ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتى داراییى هەرێمى کوردستان بۆى تەرخان دەکرێت، بەبێ جیاوازیکردن بڕە بودجەیەکی دیاریکراو بۆ هەموو نوێنەرایەتییەکانى حکوومەت دەنێرێت.
2. بە هیچ جۆرێک ناسنامەى سیاسى و حزبیى نوێنەر بابەتێک نییە لە پرسى ناردنى بوودجە بۆ نوێنەرایەتییەکان لە لایەن فەرمانگەوە و هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە هەرگیز شتێکى لەو جۆرە نەبووە و نابێت.
3. هیچ یەکێک لە نوێنەرایەتیەکانى حکوومەتى هەرێم لە دەرەوە بودجەى ساڵى 2015ـى بە تەواوەتى بۆ نەنێردراوە؛ هۆیەکەیشى قەیرانى دارایی و نەبوونى نەختینەى پێویست بووە.
4. دیسان جەخت دەکەینەوە کە پرسى داخستنى هیچ نوێنەرایەتییەک لە بەرنامەدا نییە، بەڵکو خواستنى ڕێکخستنەوەى نوێنەرایەتییەکانى ئێستا و هەروەها کردنەوەى نوێنەرایەتیى دیکە هەیە لە دەرەوە، بە مەبەستى پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیدا.
5. فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە لە ڕوانگەى بەرپرسیارەتییەوە و وەک ئەرکێکى پیشەیى، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتى هەرێمدا، لە هەوڵى زۆر جیدى و بەردەوامدایە بە گوێرەی بارى دارایی ئێستاى حکوومەت و کارى نوێنەرایەتییەکانى حکوومەت لە دەرەوە، هەرچۆنێک بووبێت بودجەى نوێنەرایەتییەکانى حکوومەتى هەرێم لە دەرەوە دابین بکات.
جا با هەموو دامەزراوەکانى ڕاگەیاندن و لێکۆڵەرەوان و شیکەرەوانى بوارە جیاجیاکان، ئەو خاڵانەى سەرەوە بە هەند وەربگرن و هەر باسێکى تر لە دەرەوەى ئەو خاڵانە بکرێت، هیچ سەرچاوە و بنەمایەکى ڕاستى نییە و تەنها بۆ شێواندنى ڕاستییەکانە.




