داعش 150 تیرۆریستی لێ کوژرا؛ پێشمەرگە لە پێشڕەویدایە

خازر-KDP.info- بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی ڕایگەیاند، لە هێرشەكەی ئەمڕۆدا، هێزی پێشمەرگە تا ئێستا 9 گوندیان ئازاد كردووە و وا خەریكە گوندێكی تریش بگرنەوە؛ ئەوەندەی تا ئێستا زانیبێتمان 150 تیرۆریست زیاتریش كوژراون.
عەقید (دڵشاد مەولوود)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە هێرشەكەی ئەمڕۆدا هێزی پێشمەرگە 9 گوندیان ئازاد كردووە و، وا خەریكە گوندێكی تریش بە تەواوەتی ئازاد بكەن؛ پێشمەرگە هێرشەكەی ئەمڕۆ ڕاناگرن هەتا هەرهەموو ئامانجەكانی هێرشەکە دەهێننە دی؛ مژدەی سەركەوتنی یەكجارەكی ڕادەگەیێنین."
دەربارەی زەرەر و زیانەكانی تیرۆریستان بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی گوتی: "پیشمەرگە نزیكەی 30 كیلۆمەتری دووجایان لە تیرۆریستان پاك كردووەتەوە؛ ئەوەندەشی زانیبێتمان، 150 تیرۆریست زیاتریشمان لێیان کوشتووە؛ چەكوچۆڵیكی زۆریشیمان لێ گرتوونە."
لەم سەرلەبەیانییەوە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی) لە میحوەری خازر و گوێڕەوە، هێرشێكی قورسیان بردووەتە سەر داعش و بەجارێ ورەی داعش رووخاوە و پێشمەرگە سەرکەوتنێکی دیکەی گەورەی تۆمار کرد.
سەرباز واحد




