داعش ١٣٥ تیرۆریستی لێ کوژرا.. پێشمەرگە داعشی خەڵتانی خوێن کرد

خازر-KDP.info- میدیای جیهانی نووسیویانە کە پێشمەرگە دیسان لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەدا داعشی خەڵتانی خوێن کرد و شوێنێکی یەکجار ستراتیژیکیان ئازاد کرد کە ئەوەندەی نەماوە دەستی پێشمەرگە بگا بە ناو مووسڵ.
ئەمڕۆ پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمار کرد، پێگەی میترۆ نووسیویەتی کە پێشمەرگە گورزێکی دیکەی بە ئاراستەی ئازادکردنی مووسڵدا وەشاند؛ پێگەکە دەڵێ، پێشمەرگە داعشی بە دووکەڵ قانگ دا.
هەرچی پێگەی ڕۆیتەرزە ئاماژی بە ئۆپەراسیۆنی ئەمڕۆی هێزی پێشمەرگە کردووە کە پێشمەرگە بە ئاراستەی مووسڵدا لە میحوەری خازر و گوێڕەوە پێشڕەویی کردووە.
لای خۆیشیەوە (سەعید مەموزینی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازرەوە چاک داعشیان شکاند؛ ١٠ گوندیان ئازاد کردووە و، زیانێکی زۆریشیان لە داعش داوە."
(سەعید مەموزینی) گوتیشی، ھەر لەو ئۆپراسیۆنەدا داعش ١٣٥ تیرۆرست و ١٨ خۆکوژیان لێ کوژراوە و، ١٠ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراویشیان لێ تەقێندراوەتەوە.
گوتیشی، پاش شکستەکەی ئەمڕۆی داعش لە میحوەری خازرەوە، لە مووسڵیشدا شپرزە بوونە و ورەیان بەرداوە.
بڵند ئیبراھیم




