٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئیبراهیم بڕۆ بۆ KDP.info: بەم زووانە دەگەڕێینەوە و لە كاری خۆمان بەردەوام دەبین

سەرچاوە: KDP.info

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا دەڵێت: "پەیەدە هەڕەشەی كوشتن و پارچەپارچەكردنیان لێ كردم گەر جارێكی دیكە بگەڕێمەوە رۆژئاوای كوردستان، بەڵام ئەوە كاریگەری لەسەر من نابێت و بەم زووانە دەگەڕێینەوە".

(ئیبراهیم بڕۆ)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوێنێ ئێوارە لە قامشلۆ ئۆتۆمبێلەكەمیان وەستاند و ئاسایشی پەیەدە دەستگیریان كردم و بردمیان بۆ بارەگایەكی سەربازی، هیچ بەرپرسێكی ئەوانیشمان نەبینی و هیچ لێكۆڵینەوەیشیان لەگەڵ ئێمەدا نەكرد، تەنانەت هۆكاری دەستگیركردنیشیان پێ نەگوتم و و دواتر ئێمەیان ڕەوانەی هەرێمی كوردستان كرد".

(بڕۆ) گوتیشی: "كاتێك ئێمەیان لە سنوور پەڕاندەوە، هەڕەشەیان لە من كرد ئەگەر جارێكی دیكە بچمەوە رۆژئاوای كوردستان، دەمكوژن و پارچەپارچەم دەكەن، منیش وەڵامی ئەوانم دایەوە و پێم گوتن لە كاتێكی نزیكدا دەگەڕێمەوە هەر چییەك بكرێت".

سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا ڕوونیشی كردەوە: "هۆكاری دەستگیركردن و گەڕاندنەوەم بۆ هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەنجوومەن كاری خۆی دەكات و زۆریش چالاكە، ئەوانیش شكستیان هێناوە، بۆیە دەیانەوێت كێشەمان بۆ دروست بكەن، بە هێرشكردنەسەر ئۆفیسەكان و ئیهانەكردنی ئاڵای كوردستان، تا لەو رێگەیەوە  شكستی خۆیان بشارنەوە، بەڵام ناتوانن و ئێمە لە كاری خۆمان بەردەوام دەبین".

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار