عەقید دڵشاد: رێگای نێوان قەرەقهشه و حەمدانییە كۆنتڕۆڵ كرا

خازر-KDP.info- بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی رایگەیاند، لە بەیانیی ئەمڕۆوە تا ئێستا، هێزەكانی پێشمەرگە چوار گوندیان ئازاد كردوون، هەروەها بە درێژایی زیاتر لە 10 كیلۆمەتریش پێشڕەوییان كردووە و رێگای نێوان قەرەقهشه و حەمدانییەیش كۆنتڕۆڵ كراوە.
عەقید (دڵشاد مەولوود)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئەمڕۆ هێزەكانی پێشمەرگە توانیویانە چوار گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە كە پێك دێن لە گوندەكانی (قەرقەشە، ئەبزەخ، تاخ و ستیح) و، ئێستایش لە پێشڕەویداین بەڕەو كەنەش و هەروەها رێگای نێوان قەرەقهشه و حەمدانییەیش كۆنتڕۆڵ كراوە."
بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی زیاتر ڕوونی كردەوە: "لە بەیانیی ئەمڕۆوە تا ئێستا دەتوانم بڵێم زیاتر لە 10 كیلۆمەتر هێزەكانی پێشمەرگە پێشڕەوییان كردووە و ورەیان زۆر بەهێزە و دەزانن بۆچی شەڕ دەكەن، تیرۆریستانی داعشیش سەرلێشێواون و وڕەیان بە تەواوی ڕووخاوە و كوژراوی زۆریان هەیە. "
جێی ئاماژەیە، لە سەعات 5 و نیوی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە 14-8-2016ـەوە، هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە فەرمان و سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی (سەرۆك بارزانی)، ئۆپەراسیۆنێكیان بۆ سەر مۆڵگەكانی تیرۆریستانی داعش لە چەند ناوچە و گوندێكی میحوەری خازر دەست پێ كردووە و تا ئێستایش پێشڕەوی بەردەوامە.
نەشوان بەرزنجی




