"هەڵوێستی توندمان دەبێت ئەگەر ئیبراهیم برۆ ئازاد نەكرێت"

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- نوێنەری ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە هەرێمی كوردستان، هەڕەشەی ئەوە لە پەیەدە دەكات، ئەگەر سكرتێری ئەنجوومەكەیان ئازاد نەكرێت هەڵوێستی توندیان دەبێت و دەشڵێ، پەیەدە لە ئیدارەدانی رۆژئاوای كوردستاندا شكستی هێناوە.
(جەدعان عەلی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەركردەی هەموو پارتەكانی نێو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی لە رۆژئاوای كوردستان لە ژێر چاودێریی پەیەدەدان، ئەو كردەوانەی پەیەدە بێسنوورن و بەردەوام كێشەمان بۆ دروست دەكرێت، چونكە پەیەدە پارتەكانی نێو ئەنجوومەن بەوە تۆمەتبار دەكات گوایە دژی شۆڕشی رۆژئاوای كوردستانن و تەنیا خۆیان پێ شۆڕشگێڕە، ماوەیەكە پەیەدە كێشە بۆ پارتەكانی ئەنجوومەن دروست دەكەن، چونكە لە ڕووی سیاسییەوە پەیەدە شكستی خواردووە و كانتۆنەكانیشی سەركەوتوو نەبوون لە ئیدارەدانی رۆژئاوای كوردستاندا، هەر ئەوەیش هۆكارە بۆ دەستگیركردنی (ئیبراهیم برۆ) سكرتێری ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی".
نوێنەری ئەنجوومەنی نیشتیمانی ئاماژەی بەوەیش كرد: "خەڵكی رۆژئاوای كوردستان زۆر دڵگرانە بە دەستەڵاتەكەی پەیەدە و شەقامی رۆژئاوا دژی پەیەدەن، بە تایبەت چینی رۆشنبیر و بازرگان و كەسانی سیاسی، تۆمەتەكانی پەیەدە بۆ دەستگیركردنی هەر كەسێك ئامادەن و، هەر كەسێكیان دەستگیر كرد، تۆمەتێكیشی دەخەنە پاڵ".
(عەلی) گوتیشی: "دانوستان كراوە بۆ ئازادكرنی سكرتێری ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی، بەڵام ئومێدمان نییە پەیەدە ئازادی بكات، لەبەر ئەوەیش هەوڵەكانمان بەردەوامی دەبێت و، ناهێڵین پەیەدە لە رۆژئاوای كوردستان خۆشی بەخۆیەوە ببینێ تا مامۆستا (ئیبراهیم برۆ) ئازاد نەكرێت، هەموو رێگەیەكیش لە پێشمان كرایەوە هەر لە جووڵاندنی شەماقی رۆژئاوای كوردستان تا دەگاتە توندترین هەڵوێست، هیوادارین نەهێڵن بگاتە ئاستێكی وەها، ئەگەرنا كاردانەوەی توند و گەورەمان دەبێت".
قائید میرۆ




