بریمۆ: ئەنەكەسە هەڵوێستی خۆی رادهگەیەنێ.. پەیەدە شەڕ دەفرۆشێت

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا دەڵێ، ماوەی هەفتەیەكە پەیەدە گشت بارەگاكانی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردیان لە رۆژئاوای كوردستان داخستووە و ئاڵای كوردستانیشیان داگرتووە. هەروەها راشیدەگەیەنێ، پەیەدە هێزێكی شەرعی نییە و دەستەڵاتیان لە رژێمی (بەشار) وەرگرتووە.
(نووری بریمۆ)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كاردانەوەكان لە دژی دەستگیركردنی سەرۆكی ئەنەكەسە (ئیبراهیم برۆ) لە هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستانیش بەردەوامی هەیە، بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە، ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنەكەسە كۆ ببێتەوە و هەڵوێستی خۆی لە بەرانبەر دەستگیركردنی سكرتێرەكەیان رابگەیەنن كه ئەمە جاری یەكەم نییە پەیەدە رەفتاری وەها دەكات لە رۆژئاوای كوردستان و ماوەی هەفتەیەكە ژمارەیەك بارەگای ئەنەكەسە گیراون و ئاڵای كوردستانیش لەسەر ئەو بارەگایانە خراونەتە خوارەوە".
(بریمۆ) گوتیشی: "چەندین جارە پەیەدە ئێمە بە تیرۆریست و هاوكاری داعش لە قەڵەم دەدات، بە كورتی پەیەدە شەڕ بە ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی دەفرۆشێت، لەسەر رەفتار و سیاسەتی شاشی پەیەدە ئێمە بێدەنگ نابین، كۆنسووڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتانی جیهان لە هەرێمی كوردستان ئاگادار دەكەینەوە لەسەر پێشێلكارییەكانی پەیەدە".
لەبارە تۆمەتەكەی پەیەدە كە گوایە ئەنەكەسە مۆڵەتی نییە لە رۆژئاوای كوردستان، (نووری بریمۆ) دەڵێ: "ئەرێ ئێمە مۆڵەت لە كێ وەربگرین، پەیەدە خۆی مۆڵەتی نییە؟، رژێمی (بەشار ئەسەد) دەستەڵاتەكەی رادەستی پەیەدە كردووە و خۆی شەرعییەتی نییە، بەداخەوە پەیەدە دەڵێ دایكی شەهیدان و گەنجان ئەو كارە دەكەن، كەچی ئەوە سیاسەتی پەیەدە خۆیەتی".
قائید میرۆ




