٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سیدەكان.. 150 ماڵ ئاوارە بوونە و 11 هەزار دۆنم پاوان سووتاوە

سەرچاوە: KDP.info

سیدەكان-KDP.info- بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان ڕایگەیاند، ئێستا تۆپباران وەستاوە، بەڵام بە هۆی تۆپبارانەوە 150 خێزان ئاوارە بوونە، زیانێكی زۆریش بە دارستان و رەز و باغی هاووڵاتیان كەوتووە و نزیكەی 11 هەزار دۆنم زەوییش سووتاوە.

(كاروان كەریمخان)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بە دووریی 15 كیلۆمەتر لە سەنتەری شارەدێی سیدەكان، ناوچەكە كەوتە بەر تۆپباران، بە هۆی تۆپبارانەكەیشەوە زەرەروزیان بە  هاووڵاتیان گەییشتووە، خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبوو، بەڵام چەند هاووڵاتییەك بریندار بوون و برینەكانیش سووك بوون، هەروەها مێرمنداڵێكیش بە هۆی بۆنی باڕووتەوە بۆ ماوەیەك لە هۆش خۆی چووبوو،  لەلایەكی دیكەوە ئەو گەشتیارانەی سەردانی ناوچەكەیان كردبوو لە كاتی گەڕانەوەیان یەكێك لە گەشتیارەكان تووشی رووداوی هاتوچۆ بوو و گیانی لە دەست دا".

(كەریمخان) گوتیشی: "هەر چەندە لیژنەیەكمان پێك هێناوە بۆ ئەوەی زەرەروزیانەكان بزانین، بەڵام بە هۆی ناسەقامگیریی بارودۆخی ناوچەكەوە، لیژنەكە نەیتوانی سەردانی ئەو ناوچانە بكات، وەلێ لە زووترین كاتدا سەردانەكەیان ئەنجام دەدەن".

بە بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان دەشڵێ، بە هەر دوو قۆناغی  تۆپبارانەكە زیاتر لە 11 هەزار دۆنم پووش و پاوان سووتاوە، لەگەڵ ئەوەی  زیانێكی زۆر بەر ڕەز و باغ و هەنگەكان كەوتووە و 150 خێزان لە ڕەوەند و كۆچەرەكان و گوندنشینانی ناوچەكەش ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە.

 

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار