٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"كورد یەكدەنگە و پێویستە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك هەڵبژێردرێتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info- ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، پێویستی بە یاسایەكی پەرلەمانی هەیە و بەرپرسێكی پارتیش دەڵێ، وەك كورد كێشەی نێوخۆییمان نییە و یەكدەنگین، بۆیە دەبێت هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنێكی نوێ بكرێت.

دكتۆر (محەممەد خورشید)، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە پارێزگای سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "تا ئێستا لە كەركووك كار بە بڕیاری سەردەمی (بریمەر) دەكرێت، ئەوەیش بووەتە هۆكاری ئەوەی ئیدارە و ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەستەڵاتێكی ئەوتۆیان نەبێت، ئەم جارەیش ئەگەر هەڵبژاردن لە كەركووك نەكرێت، ئەوا ستەم لە پارێزگای كەركووك دەكرێت و كوردیش زەرەر دەكات، چونكە لە ساڵی 2005ـەوە هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك نەكراوە".

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك گوتیشی: "لە پارێزگای كەركووك ئێمە وەك كورد و لیستی كوردستان ئەنجوومەن كێشەمان نییە لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و هەمووو لایەنە كوردییەكان یەكدەگن لەسەر ئەوەی پێویستە هەڵبژاردن بكرێت، لیستی برایەتییش لیستێكی كوردستانییە و برایانی عەرەب و توركومانیشی تێدایە، لەوێیش كێشەیەك نییە رێگر بێت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی كەركووك".

دەشڵێت: "وەك پارتی پێداگری دەكەین لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە ساڵی داهاتوودا، بەڵام كێشەی سەرەكی ئەوەیە پێكهاتەكان چۆن رێك دەكەون؛ پاشانیش یاسایەك نییە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بۆیە پێویستە پەرلەمانی عێراق یاسایەك دەربكات بۆ ئەمە و پێشم وایە یاسایەكە لە بەرژەوەندیی كورددا نابێت ئەوەی پەرلەمان دەری‌دەكات."

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار