مامۆستایان داوا دەکەن بە مووچەکەیاندا بچنەوە

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان كۆبوونەوەیەكی ئاسایی خۆی بەڕێوە برد و، یاداشتێكیان ئاراستەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد؛ دەربارەی پێداچوونەوە بە موچەی مامۆستایان و گرنگیدان بە كەرتی پەروەردە.
مامۆستا (ئەحمەد گەرمیانی) سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی ڕاگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی جێبەجێکەری یەكێتیی مامۆستایانی كوردستاندا، پڕۆسەی خوێندن و بار و گۆزەرانی مامۆستایان جەختی لێ كرایەوە، یاداشتێكیش ئاراستەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كراوە لەمەڕ مەترسیی پڕۆسەی خوێندن لە ساڵی داهاتووی خوێندندا؛ مەترسیی وەستانی پڕۆسەكە هەیە، چونكە ڕەوشی ئابووری چینی مامۆستایان لەوپەڕی خراپیدایە."
گەرمیانی گوتیشی: "لە یاداشتەكەی یەكێتیی مامۆستایاندا داوای پێداچوونەوە بە مووچەی مامۆستایان و لەبەرچاوگرتنی مووچەی مامۆستایانی 'خانەنیش'ـیشمان كردووە؛ هەروەها داوامان كردووە لە حكوومەت گرنگی بە وانەبێژی بدرێت و كرێی وتنەوەی وانە بدرێت وەك پێویستیەك؛ سی ڕۆژ جارێك مووچەیەک بدرێت و، پاشەكەوتی مووچەی مامۆستایان بچێتە حیسابێكی تایبەت بە مامۆستایان."
قائید میرۆ




