٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

رۆژبەیانی: لەبەر پەكەكە زارگەڵیه‌كان ناگه‌ڕێنه‌وه‌.. ئامادە نییە چۆڵی بكات

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info- ساڵێك بەسەر كارەساتی گوندی زارگەڵی لە بناری قەندیل تێدەپەڕێت و، لەبەر هەبوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لە ناوچەكە، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بە چڕی بۆردوومانی ئەو گوندەیان كرد، لە ئەنجامدا 7 هاووڵاتی سیڤیلی گوندەكە‌ شەهید بوون و 11 دیكەیش بریندار بوون، ئێستایش گوندەكە لەلایەن گوندنشینانەوە چۆڵ كراوە و‌ تا ئێستا ئاوەدان نەكراوەتەوە.‌

(سیروان رۆژبەیانی) قایمقامی شارۆچكەی رواندز، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "هۆكاری نەگەڕانەوەی خەڵكی گوندی زارگەڵی و هەندێك خەڵكی بۆكریسكان، بۆ هەبوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لەو گوند و ئاواییانە دەگەڕێتەوە، لەسەر داوای خەڵكی ئەو گوندانە لەگەڵ پەكەكە دانیشتین و بە روونی پێمان راگەیاندن كە دەبێت ئێوە بنكە و بارەگاكانی خۆتان لە گوند و ئاواییەكان ببەنە دەرەوە، چونكە بوونی ئێوە لەناو گوند و ئاواییەكان دەبێتە هۆی ئەوەی توركیا بەردەوام بۆردوومانی ناوچەكە بكات و زیانی گیانی و ماددی بە خەڵكی ناوچەكە بكەوێت، بەڵام بەداخەوە پەكەكە ڕازی نەبوو و ئامادە نییە ئەو گوندانە چۆڵ بكات".

(رۆژبەیانی) گوتیشی: "دوای بۆردوومانی ناوچەكە كە ساڵێكی بەسەردا تێدەپەڕێت، ئێمە وەك ئیدارەی شارۆچكەی رواندز توانیمان ئاو و كارەبا بۆ گوندەكە ڕابكێشین و ئەو شتانەی زیانیان بەركەوتووە نۆژەنیان بكەینەوە، بەڵام لەبەر پەكەكە خەڵكەكە ئامادە نییە بگەڕێتەوە، گوندی بۆكریسكان كە نیوەی خێزانەكان گەڕاونەتەوە، بەڵام لەبەر هەبوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لە ناوچەكە لە دڵەڕاوكێدا دەژین، هەرچی گوندی زارگەڵییە یەك خێزانیش نەگەڕاوەتەوە و خەڵكەكەی هەمووی ئاوارەی رواندز و ناوچەكانی دیكە بوونە، هۆكاری ئاوارەبوونی خەڵكی ئەو گوندانەشبۆ هەبوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لەو ناوچانە دەگەڕێتەوە".

 

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار