٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی ‌حكوومی دەگۆڕدرێن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا گۆڕانكاری لە هەندێك پۆستی ئیداریدا بكرێت و ژمارەیەك بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری شارەدێ لە سنووری پارێزگای هەولێر لە پۆستەكانیان لاببرێن و، لە شوێنی ئەوان كەسانی دیكە دەستبەكار بن.

(كەنعان خەیلانی) سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە وەك فراكسیۆنی پارتی زۆر لەمێژە داوای گۆڕانكاری دەكەین و، پێداگریمان كردووە كە گۆڕانكاری بكرێت بەپێی پێویست، ڕاستە دەنگۆ هەیە، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێك بە فەرمی بە ئێمە نەگەییشتووە كە كەی ئەو گۆڕانكاریانە دەكرێن، بەڵام بە دڵنیاییەوە گۆڕانكاری دەكرێت و، ئەو گۆڕانكاریانەی دەكرێن لە خوار وەزیرە، بەڕێوەبەرە گشتییەكان و بەڕێوەبەری شارەدێیەكان دەگرێتەوە، چونكە پێشتر چەند قایمقامێك گۆڕدراون".

(خەیلانی) گوتیشی: "لە رابردوودا هەندێك گۆڕانكاری كران، ئێستایش هەندێك بۆشایی هەن دەبێت پڕ بكرێنەوە، لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی ‌حكوومی دەگۆڕدرێن و چەند كەسێكی دیكە لە شوێنی ئەوان دەستبەكار دەبن، لە سەرووی ئێمەوە گفتوگۆی لەسەر كراوە و بەردەوامیشن، هەر كاتێك بووە فەرمی ئاگاداری ئێمە دەكرێتەوە، بۆ ئەوەی ڕێكارە یاساییەكان بگرینە بەر".

 

رابین شێروانی

 

هەواڵی پەیوەندیدار