بەهرامی: هەلومەرجێكی زێڕین بۆ هەرێم هاتووەتە پێشەوە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران پێی وایە، دەرفەتێكی زێڕین بۆ كورد هاتووەتە پێشەوە و دەبێت لە دەستی نەدات، هێزی پێشمەرگەیش بووەتە پاڵپشت و پشتیوانی گەلی كوردستان.
(كاوە بەهرامی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەلومەرجێكی زۆر زێڕین هاتووەتە پێشەوە بۆ هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت باشووری كوردستان لەو هەلومەرجە نێودەوڵەتییە كەڵك وەربگرێت و هەنگاوی جیددی بنرێت بۆ ڕیفراندۆم و دواتر سەربەخۆیی كوردستان، چونكە ئەمە ئاواتێكی لەمێژینەی خەڵكی كوردستانە و دەبێت كاری باشی بۆ بكرێت".
(بەهرامی) گوتیشی: "هێزە سیاسییەكان دەبێت هەموویان هاوكار و پشتگیری یەكتری بن و هەلومەرجەكە بە باشی بقۆزنەوە كە لە بەرژەوەندیی كورد دەچێتە پێشەوە، بۆیە پێكەوەكاركردن و پێكەوەسازانی سیاسی پاڵپشت دەبێت بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سەركەوتنی یەكجارەكیی كورد بەسەر تیرۆر و تیرۆریستاندا، چونكە ئێستا هێزێك پارێزگاری لە كوردستان دەكات كە بارگاوی نییە بە ئایین و تایفەگەری و سەلماندی دەتوانێت ببێتە هێزێكی شۆڕشگێڕی بەهێز بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و، لە بزاڤی جوڵانەوەی كورد پێشمەرگە ڕۆڵیكی گرینگی گێڕاوە، ئێستایش هەمان ئەو ڕۆڵە لە بەرەكانی جەنگ دژی تیرۆریستانی داعش دەگێڕێت".
ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دەشڵێ: "بەهێزترین فاكتەر بۆ سەربەخۆییی كوردستان وەك هەنگاوی سەرەكی، ئەوەیە، كە پێشمەرگە ڕۆڵی گرینگی دەبێت لە ناوچەكەدا و هیچ جووڵانەوەیەكی سەربازی بەبێ فەرماندەیەكی كارا و لێهاتوو ناتوانێت سەركەوتوو بێت و سەركەوتنی هێزی پێشمەرگەیش بە هۆی فەرماندەیەكی باش و سەركەوتووە، بۆیە (بارزانی) توانیویەتی ئەو ڕۆڵی زۆر بە باشی بگێڕێت و فاكتەری سەرەكی بووە بۆ تێكشكاندنی داعش و سەركەوتنی هێزی پێشمەرگە لە كوردستان".
ئاماژە بەوەش دەكات كە، سەركەوتی هێزی پێشمەرگە بە فەرماندەیەكی لێهاتوو دەكرێت وەك فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانیش، (بارزانی) توانیویەتی خاڵە هەستیار و گرینگەكان دەستنیشان بكات و سەركەوتوو بێت، گومان هەڵناگرێت لێرەیشەوە هاواری سەركەوتن بەسەر داعش بە گوێی جیهاندا دەدرێت".
كارزان سەباح هەورامی




