هۆڵەندا پەیامی پشتگیری و هاوكاریكردن دەداتە هەرێمی كوردستان

ههولێر-KDP.info- له كۆبوونهوهیدا لهگهڵ سهرۆكوهزیرانی ههرێمی كوردستاندا، سهرۆكوهزیرانی هۆلهندا ڕایگهیاند، كە لەگەڵ وڵاتانی دیكەی ئەورووپا هەوڵ دەدەن لە لایەنی مرۆییەوە هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن.. هیوایشی خواست كە پەیوەندییەكانی نێوان هۆڵەندا و هەرێمی كوردستان زیاتر پەرەی پێبدرێت و هەموو بوارەكان بگرێتەوە بەتایبەتی بواری تەكنیكی كشتوكاڵی.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 9-8-2016، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە (مارك رۆتە) سەرۆكوەزیرانی هۆڵەندا و شاندێكی دیپلۆماسی و سەربازیی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا سەرۆكوەزیرانی هۆڵەندا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا، كە پەیامی سەرەكیی هۆڵەندا پشتگیریكردنی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا و، سوپاس و پێزانینی خۆی و وڵاتەكەیشی بۆ سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە بەرامبەر تیرۆردا نیشان دا و پەرەپێدانی مەشق و ڕاهێنان و دابینكردنی پێداویستی بۆ پێشمەرگە، دووپات كردەوە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكوەزیرانی هۆڵەندا هەوڵەكانی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لە بواری پێشوازیكردن و دابینكرنی شوێنی حەوانەوە و خزمەتگوزاریی پێویست بۆ ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر بەرز نرخاند، جەختی لەوەش كردەوە كە لەگەڵ وڵاتانی دیكەی ئەورووپا هەوڵ دەدەن لە لایەنی مرۆییەوە هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن. هیواشی خواست كە پەیوەندییەكانی نێوان هۆڵەندا و هەرێمی كوردستان زیاتر پەرەی پێبدرێت و هەموو بوارەكان بگرێتەوە بەتایبەتی بواری تەكنیكی كشتوكاڵی و لەمبارەیەشەوە كونسوڵخانەی هۆڵەندا لە هەولێر دەتوانێت ڕۆڵی خۆی ببینیێت.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و پشتگیری و هاوكارییە مرۆیی و سەربازییەكانی هۆڵەندای بۆ هەرێمی كوردستان كرد و ئاماژەی بەو گرفتانە دا، كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە، لەوانە شەڕی داعش و هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر و قەیرانی دارایی و ئاشكرای كرد كە لەمبارەیەوە وڵاتانی دۆست دەتوانن هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو گیروگرفتانە.
لە بەشێكی دیكەی قەسەكانیدا (نێچیرڤان بارزانی) باسی لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ لە دەستی تیرۆرستانی داعش و بەشداریی هێزی پێشمەرگە لەو ئۆپەراسیۆنەدا كرد و ئاماژەی بەوە دا، كە چاوەڕوان دەكرێت بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە ژمارەیەكی زۆرتری ئاوارە ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن و هاوكارییكردنیان لە تواناكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەدەرە، بۆیە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی وڵاتانی دۆست هاوكارییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان زیاتر بكەن. ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان لەگەڵ هۆڵەندا لە هەموو بوارەكاندا دەربڕی بەتایبەتی لە بواری كشتوكاڵیدا.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدایش، چەندین بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕ كران و لەمبارەیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئامادەییی هەرێمی كوردستانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ نیشان دا.
تاوتوێكردنی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.





