لە قۆناخی یەکەمدا پازدەهەزار پارچە زەوی دابەش دەكرێ

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی فراکسیۆنی پارتی كە ئەندامی لیژنەی شارەوانییەكانیشە، دووپاتی كردەوە، زەویدابەشكردن دەست پێدەكات و لە قۆناغی یەكەمدا پازدەهەزار پارچە زەوی دابەش دەكرێت.
(سیراج شێخ ئەحمەد) ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی ڕاگەیاند: "بەردەوام شوێنی ڕەوتی دابەشكردنی زەویمان گرتووە و، لەم حەفتەیەشدا لەگەڵ رێخكراوێكی تایبەت بە كرێنشینان سەردانی وەزیری شارەوانیمان كردووە و، لە چونیەتیی بەڕێوەچوونی ڕەوتی دابەشكردنی زەوی ئاگادارین، بەڵام پرۆسەیەكی قورسە و، كاتی دەوێ هەتا خۆمان ئامادە دەکەین."
پەرلەمانتارەكەی فراکسیۆنی پارتی گوتیشی: "بە قسەی وەزیری شارەوانی، ئامادەكاری بۆ دابەشكردنی زەوی كراوە و، چەند قۆناغێكیشی بڕیوە؛ كێشەی دابەشكردنی زەوی ئەوەیە پەیوەندیی بە چەند وەزارەتێكەوە هەیە و، تا زەوییەکەی بۆ تەرخان دەکرێ، كاتی دەوێ."
دەنگۆ داکەوتبوو گوایە زەویدابەشکردنەکە هەر قسەیە بەڵام، (شێخ ئەحمەد) دەڵێ: "نەخێر وا نییە؛ ڕنگە درەنگ و زووی هەبێ، بەڵام حكوومەت مكوڕە لەسەر دابەشکردنی زەوی؛ با خەڵکیش بیزانن لە قۆناغی یەكەمدا پازدەهەزار پارچە زەوی دابەش دەكرێت."
قائید میرۆ




