حکوومەتی نایەوێ هیچ کامێک لە نوێنەرایەتییەکانی خۆی لە دەرەوەدا دابخات

هەولێر-KDP.info- فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێ، حکوومەتی هەرێم جارێ لە بەرنامەیدا نییە کە هیچ نوێنەرایەتییەکی خۆی لە وڵاتاندا دابخات.
دەقی ڕوونکردنەوەکەی فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم:
هەموو لایەک ئاگادارى قەیرانى دارایی و هۆکارەکانى قەیرانەکە و کاریگەرییەکانى ئەو قەیرانەن لەسەر تەواوى دامەزراوەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و بەرەکانى جەنگ دژى داعش و مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان. فەرمانگەى پەیوەندەکانى دەرەوە و نوێنەرایەتییەکانى حکوومەتى هەرێم لە دەرەوە وەک هەر دامەزراوەیەکى دیکەى حکوومەت لە کاریگەرییەکانى ئەو قەیرانە بەدەر نین.
حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە مەبەستى فراوانترکردن و پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بە بایەخەوە لە کا رو پێگەى نوێنەرایەتییەکان دەڕوانێت. هەر بۆیە ماوەیەکە لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتى دارایی لە هەوڵى جدیداین بۆ دۆزینەوەى ڕێگاچارەیەک بۆ کێشەى دواکەوتنى بوودجەى نوێنەرایەتییەکان.
ئێستا دەبێ لەگەڵ بارودۆخى دارایی حکوومەت خۆمان بگونجێنین، بۆ ئەمەش پێداچوونەوە بە پێکهاتە و شێوازى کارى نوێنەرایەتیەکان لە ووڵاتان دەکەین؛ لەسەر بنەماى هاوکارى و پشتیوانى وڵاتان بۆ هەرێمى کوردستان لە ڕووى سیاسى و بەشدارى لە جەنگى دژى داعش و پێشکەشکردنى هاوکارى مرۆیی بە ئاوارەو پەناهەندەکان و بەدەنگەوە هاتن بۆ هاوکارى هەرێمى کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى قەیرانەکان. هاوکات جەخت دەکەینەوە کە ئێستا حکوومەتى هەرێم لەبەرنامەیدا نیە هیچ نوێنەرایەتییەک دابخات؛ بەڵام ئەگەر پێویست بکات لەوانەیە گۆڕانکارى لە پێکهاتەى نوێنەرایەتی و ژمارەی کارمەندان و شوێنى باڵەخانەى نوێنەرایەتى بکرێت و بەڵام نوێنەرە بەڕێزەکان هەر دەمێننەوە لە پۆستەکانیان بۆ بەڕێوەبردنى کارو چالاکییەکان لە دەرەوە تاوەکو کاتى باشتربوونى بارودۆخى دارایی حکوومەت لە داهاتوو.
هاوکات ڕایدەگەیێنین کە حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ بەهێزترکردنى پەیوەندییەکانى لەگەڵ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى؛ خواستى کردنەوەى نوێنەرایەتیى دیکەشى لە دەرەوە هەیە؛ ئەمەش جگە لە خواست و داواکارى ئەو وڵاتانەى کە ئارەزوو دەکەن حکوومەتى هەرێم نوێنەرایەتى لە وڵاتەکەیان بکاتەوە. بەڵام ئەم هەنگاوە لە کاتى باشتربوونى بارودۆخى دارایی هەرێم و بەپێى قۆناغەکە بڕیارى لەسەر دەدرێت.




