٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كەرخی برماغ: بڕوام بە یەكپارچەیی عێراق نەماوە.. كوردستان چاوەڕوانی ڕیفراندۆمه‌

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی دیموكراتی توركمان لە كوردستان دەڵێ، عێراق هیوای پێكەوەژیانی نەماوە و دەبێت بڕیار لە چارەنووسی خۆمان بدەین.

(كەرخی ئاڵتی برماغ)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕوام بە یەكپارچەیی خاكی عێراق نەماوە، ئەو باوەڕەیشمان لە خۆوە نەهاتووە، لە 10 ساڵی رابردوودا ئەوەی بەسەر عێراقدا هاتووە زۆر لەوە زیاترە بڕوا بەوە بهێنین، عێراق بووەتە چەتر بۆ پێكهاتەكان، ئەگەر بیری خەڵك بهێنینەوە كاتێك ڕژێمی (سەددام حوسێن) ڕووخا كوردستان وەك دەوڵەتی سەربەخۆ وابوو، هیچ پەیوەندی بە بەغداوە نەبوو، بەڵام دواتر كوردستان خۆی چووە بەغدا و خۆی بەشداری لە حكوومەتی تازەی عێراقدا كردەوە، چونكە نیەتی باش بوو".

(برماغ) گوتیشی: "كورد بەو هیوایە بوو دیموكراتی بەهێز لە هەموو عێراقدا پیادە بكرێت، هەموو هاووڵاتیانی عێراق بەیەك چاو سەیر بكرێن، هاووڵاتیان بگەنە مافی رەوای خۆیان، ئەو كەسانەی زوڵمێكی زۆریان لێ كرابوو قەرەبوو بكرێنەوە، نەتەوە جیاوازەكان ئاشت بكرێنەوە، بەڵام ئەوە ڕووی نەدا، ئەوەی ڕووی دا تایفەگەری و تاكڕۆیی لە بڕیاردان لە بەغدا و بڕینی مووچەی خەڵك و ناردرنی هێز بوو بۆ سەر خاكی كوردستان و داگیركردنی كوردستان هاتە ئاراوە، ئێستایش پێشهاتەكانی دوای و دروستبوونی داعش و حەشدی شەعبی، پێمان وایە ئەوانە و چەند هۆیەك وایان كردووە كە عێراق نەبێتە چەترێك بەسەر عێراقییەكانەوە".

سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی دیموكراتی توركمان دەشڵێت، دەكرێت قیادەی سیاسی بیر بكاتەوە كە خەڵكی كوردستان مافی دەوڵەتی هەیە و ناكرێت ڕیفراندۆم دوا بكەوێت و خەڵكی كوردستان چاوەڕوانی ڕیفراندۆمن و ئێستایش هەندێك لایەن لەڕووانگەی حزبییەوە لەسەر دەوڵەتی كوردستان قسەی جۆراو جۆر بكەن، ئەگەرنا خەڵكی كوردستان بە پێكهاتە سیاسییەكانەوە لەگەڵ دەوڵەتی كوردستانن و دەبێت ئەو هەلە بقۆزرێتەوە بۆ ئەوەی كورد بگاتە ئاواتی خۆی، چونكە دوای ئازادكردنەوەی مووسڵ هاوكێشەكان دەگۆڕێن و خەڵكی كوردستان سەرجەم سەركردەكان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارەتییتەوە".

 

كارزان سەباح هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار