٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕۆستایی: داواکارم زێباری نەکرێتە بەشێک لە ململانێ سیاسییەکان.. جاف: قەبووڵ ناكرێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كێكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێن، کەسێکی دژەکورد دەیەوێت دۆسیە لە دژی وەزیری دارایی عێراق بجووڵێنێت.

 

دكتۆر(ئەشواق جاف)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارە (هۆشیار زێباری) وەزیری دارایی عێراق لەسەر پێشنیازی پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت، هەڵبەتە تۆمەتیان بۆی هەڵبەستووە، بۆ ئەوەی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت، ئەوەیش كارێكی ئاساییە و پێشتریش زۆربەی وەزیرەكانی حكوومەتی عێراق بانگهێشتی دانیشتنی پەرلەمان كراون. ڕاستییه‌كه‌ی ئەگەر وەك هەر وەزیرێك لێپرسینەوە لەگەڵ وەزیری داراییدا بكرێت، ئەوا وەك فڕاكسیۆنی پارتی و گشت فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان لاریمان نییە لەوە، بەڵام ئەگەر مەبەستی سیاسی لە پشت لێپرسینەوەی (هوشیار زێباری)یه‌وه‌ هەبێت، ئەوا بە هیچ شێوەیەكی قەبووڵ ناكرێت، چونكە پێشتر كاك (هۆشیار) خۆی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش كردووە".

هاوكات (زانا ڕۆستایی) لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی به‌ مێدیاكانی ڕایگەیاندبوو: "(هەیسەم جبووری) سەرۆکی لیستی کەفائە و ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوای لێپرسینەوە لە (هۆشیار زێباری) وەزیری دارایی عێراق دەکات و رێکاری یاسایی لەسەر ئەو پرسە گرتووەتە بەر.''

(ڕۆستایی) گوتیشی: "لە عێراقدا هەموو جموجۆڵێک مۆرکێکی سیاسی پێوەیە و بە شێوەیەکی پیشەییانه‌ کار ناکرێت، بە دووری نازانم کە ئەمەی دەوڵەتی یاسا دەیکات وەک کارتی گوشاری سیاسی لە ڕێگای (هەیسەم جبووری)یەوە ئەنجامی دەدات کە بەرانبەر بە کورد هەڵوێستی باش نەبووە، بۆیە پێم وایە بابەتێکی سیاسییە".
ئه‌و په‌ڕله‌مانتاره‌ی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی ده‌شڵێت، (هۆشیار زێباری) کەسایەتییەکی سیاسیی دەوڵەتی عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتییە و داواکارم نەکرێتە بەشێک لە ململانێ سیاسییەکان.

بەگوێرەی زانیارییەکان، پەرلەمانتارەکەی ئەو داوایەی کردووە کە ناوی(هەیسەم جبووری)ـیە و سەربە حزبەکەی نووری مالیکییە؛ ئەو یەکێکە لە نەیارە سەرسەختەکانی مافەکانی گەلی کورد.

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار