فوئاد حوسێن، لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی پارتی كۆ بووەوە.. پارتی، پشتیوانی یەكڕیزیی ناوماڵی كوردستان دەكات

هەولێر-KDP.info- (د. فوئاد حوسێن) نوێنەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا كۆ بووەوە.
ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، پێشوازییان لە (د. فوئاد حوسێن) نوێنەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) كرد كە بە مەبەستی تاوتووكردنی بابەتەكانی دەستپێشخەریی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی مەكتەبی سیاسیی پارتی كرد.
لە دانیشتنەكەدا، كە (فازڵ میرانی) سكرتێری مەكتەبی سیاسی و (ئازاد بەرواری) و (مەحموود محەممەد) ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و (ڕەمزی شەعبان) ئەندامی یەدەكی مەكتەبی سیاسی ئامادەی بوون، وێڕای بەخێرهێنانی (د. فوئاد حوسێن)، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵوێستی خۆی دەربڕی بەوەی كە پشتیوانی لەم هەوڵانە دەكات لە روانگەی بەدیهێنانی یەكڕیزیی تەواوی ناوماڵی كورد، لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارەتیی پارتی و لەبەر هەستیاریی ئەم قۆناغە گرینگە هەموو لایەنەكان ئەم هەوڵانە بەهەند وەربگرن و پەلە لە رێكخستنی ناوماڵی كورد بكەن بۆ سوودوەرگرتن لەم دەرفەتەی كە بۆ كورد ڕەخساوە.
دواتر سكرتێری مەكتەبی سیاسی سوپاسی (د. فوئاد حوسێن)ـی كرد بۆ هەوڵ و ماندووبوونی بۆ سەردانی لایەنەكان و ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕاكان.




