قادر قادر: سەرۆك بەڵێنی پێ داوین لە كێشەی دواكەوتنی مووچەی پێشمەرگە خانەنیشەکان بكۆڵێتەوە
__2016_08_07_h19m17s26__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نوێنەرانی پێشمەرگە دێرینەكان و پێشمەرگەی ئەیلوول كرد؛ بەرپرسی دەزگای ئەیلوولیش ئاشكرای كرد، لە كۆبوونەوەكەدا (سەرۆك بارزانی) بەڵێنی پێ داین لەگەڵ حكوومەت قسە بكات بۆ چارەسەركردنی كێشەی پێشمەرگە خانەنیشەكان.
(قادر قادر) بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ دەربارەی دواكەوتنی مووچەی پێشمەرگەی خانەنیش، لەگەڵ كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان و (سەرۆك بارزانی)ـدا كۆ بووینەوە و داوامان كرد، مووچەی هەرهەموو پێشمەرگە دێرینەكان چارە بكرێت؛ واتە پێشمەرگەی ئەیلوول و شۆڕشی نوێ و خانەنیش هەرهەموویان."
بەرپرسی دەزگای ئەیلوول گوتیشی: "لە كۆبوونەوەكەدا (سەرۆك بارزانی) بەڵێنی پێمان دا لەگەڵ حكوومەتی هەرێمدا قسە بكات بۆ چارەكردنی كێشەی دواكەوتنی مووچەی پێشمەرگەی خانەنیش و، بخرێنەوە سەر میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەوەی لەگەڵ پێشمەرگەدا مووچەیان پێ بدرێت."
دەربارەی لێدوانی هەندێ بەرپرسی یەكێتی گوایە جیاوازی هەیە لە پێدانی مووچەی پێشمەرگەی خانەنیش قادر قادر دەڵێ: "هەر پێشمەرگە و مووچەی خۆی هەیە؛ بۆ نموونە پێشمەرگەی ئەیلوول مووچەی جیایە لە پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان، بەڵام موچەی هەموو پێشمەرگەیەكی خانەنیش چ هی یەكێتی بێت یان هی هەر حزبێكی دیكە وەكو یەكە و هەمووشیان ئەوە چوار مانگە دوا كەوتووە."
قائید میرۆ




