فرسەت سۆفی: لە هەوڵداین بۆ خەرجكردنی مووچەی خانەنشینان و كەسوكاری شەهیدان

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەربارەی دواكەوتنی موچەی خانەنشین و كەس و كاری شەهیدانەوە پەیامێكی داوەتە بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دەشڵێ: "وەڵامیان نەبووە، بەڵام بەردەوام دەبم بۆ ئەوەی دواكەوتنی مووچەیان چارەسەر دەبێت."
دكتۆر (فرسەت سۆفی) لە پەرلەمانتارە پارتییەکانی پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند: "لەسەر دواكەوتنی مووچەی خانەنشین و كەسوكاری شەهید و ئەنفالكراوان، ئەمڕۆ پەیامێكم داوەتە بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەموو هەوڵێك بۆ دابینكردنی مووچەی ئەو توێژانە دەكەم، چونكە دواكەوتنی مووچەی خانەنشین و كەسوكاری شەهیدان هەموو سنوورێكی تێپەڕاندووە و ناكرێت حكوومەتی هەرێم لە ئاست ئەو قوربانیدەرانەدا خەمسارد بێت."
فرسەت سۆفی ڕاشیگەیاند: "تا ئێستا ئەوانەی پەیامەكەم بۆ ناردوون وەڵامیان نەداوەتەوە و بە تەلەفۆن پەیوەندیم بە زۆربەی بەرپرسانەوە كردووە، تا وەڵامێك نەدەنەوە و چارەسەری دواكەوتنی مووچەی خانەنشین و كەسوكاری شەهیدان نەكرێت، ئێمەش لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین."
قائید میرۆ




