پەیەدە عەفرینى گەمارۆ داوە.. گەنجان بە زۆرەملێ دەبەن بۆ شەڕ

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- چاودێرێكی سیاسی رۆژئاوای كوردستان ڕایدەگەیێنێت، ماوەی چەندین رۆژە پەیەدە لە رۆژئاوای كوردستان چەندین ناوچەیان لە عەفرین گەمارۆ داوە و گەنجی خوار تەمەن 18 ساڵ و پیاو و خەڵكی دەبەن بۆ لەشكری زۆرەملێ و شەڕی مەنبەج و حەلەب كە شەڕی كوردان نییە.
(عارف حەبەشی)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەمرۆ 15 رۆژە پەیەدە لە رۆژئاوای كوردستان لە هەموو لایەكەوە گەمارۆی عەفرین و دەوروبەری داوە بۆ (لەشكری ناچار) كە گەنجی خوار تەمەن 18 ساڵ و لە تەمەنی 14 ساڵی و تا پەنجا ساڵی بە زۆرەملێ دەبەن بۆ شەڕێك كە شەڕی كورد نییە لە مەنبەج و حەلەب، بەڵام لەبەر رژێمی سووریا و ئێران ئەو كارە دەكەن و رۆژانە بە دەیان تەرم دەگەڕێنەوە عەفرین."
(حەبەشی)گوتیشی: "ئەو گوندانەی لە سنووری عەفرین پەیەدە ئابڵووقەی داون، بریتین لە گوندەكانی ماشەكا كە دوێنێ چوون بۆ ئەوەی گەنجان و منداڵانی ببەن، بەڵام بەتەمەنەكانی ئەو گوندە دژیان وەستانەوە و دەستیان بە خۆپیشاندان كرد، هەروەها لە گوندی باسووتە و ناوچەی میدانا هەموو رێگاكانیان گرتووە و هەر گەنجێك بگرن دەیانبەن بۆ شەڕ، بەو هۆیەیشەوە لە گوندەكانی (كەفەردلی فوقانی و كەفەردلی تەحتانی و فیركانا و عەمرا و سیویا و حەیات و حەسەن و قەدا) گەنجان هەڵاتوون لە ماڵەكانیان تا پەیەدە نەیانبات بۆ لەشكری زۆرەملێ."
ئەو چاودێرە سیاسییە دەشڵێت: "لەگەڵ خەڵكی ئەو سنوورە قسەم كردووە دەڵێن ناتوانین لە ماڵی خۆمان دەركەوین و پەنا دەهێننە بەر سەرۆكایەتی هەرێم و داوادەكەن دەنگیان بگات بە (سەرۆك بارزانی) و حكوومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان كە چارەیەكیان بۆ بدۆزنەوە و عەفرین رزگار بكەن لەو بارودۆخەی تێیدایە، چونكە لە هەموو لایەكەوە گەمارۆ دراوە و پەیەدەیش پارە لە خەڵكی وەردەگرن و كوڕی خەڵكی بەزۆری بۆ شەڕ دەبەن."
نەشوان بەرزنجی




