٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دیموکراتەکان هێڵی بەرگرییان بۆ کورد کێشا، کۆمارییەکانیش دەرفەتی دەوڵەت دەڕەخسێنن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  شرۆڤەکارانی سیاسیی ئەمەریکا وای بۆدەچن، کە دەوڵەتی کۆمارییەکان دیراسەی ئەوەیان کردووە کە یەکپارچەیی عێراق و سووریا تەواو بووە و دوای وەرگرتنی دەستەڵاتیش، ئەگەر ترەمپ ببێتە سەرۆک، ئاماژەی دابەشبوون دەردەکەوێ. لانی کەم ددانپێدانان بە دەوڵەتی کوردستان و دەرفەت ڕەخساندن بۆ دەوڵەتی کوردستان لە عێراقدا و ڕێگاخۆشکردن بۆ دەوڵەتی سوننە یان هەرێمێکی سوننەی بەهێز، هەروەها لە سووریایشدا دەرفەت ڕەخساندن بۆ سێ دەوڵەتی نوێ، یان دابەشبوونێکی جیۆگرافی کە پارێزبەندی دەولیی هەبێ.

تێگەیشتن لە سیاسەتی دیموکراتەکان و کۆمارییەکانی ئەمەریکا پێوەست بە کورد تێگەیشتنێکی خێرای دەوێ لە سیاسەتی ئەو دوو پارتە لە عێراق و سووریادا، کە بۆچی دوو جەمسەرەکەی ئەمەریکا دەیانەوێ پێگەی کورد بەهێز بێ؛ لێرەوە دەپرژێینەوە سەر دوو مەلەف:


یەکەم: مەلەفی عێراق
عێراق بۆ ئەمەریکا تەواو مەلەفێکی هەستیارە، ئەگەرچی دیموکراتەکان لەو مەلەفەدا خۆیان ڕادەستی سیاسەتی حسێبکردن بۆ وڵاتانی هەرێمی کردووە، بەڵام کۆمارییەکان لەوەیاندا ڕێک دژی دیموکراتەکانن چونکە ئەوان حسێبی سیاسەتی بازنەیی دەکەن، واتە لە چوارچێوەی ئەو ناوچەیەی کە ئەمه‌ریکا لێیەتی تێیدا سیاسەت دەکەن.

ئەگەر هەڵبژاردن دەرفەتی سیاسی دابووایە کۆمارییەکان و نۆرەی دیموکراتەکان نەهاتبا دوای 2009، ئەوا کۆمارییەکان عێراقیان دەکردە سێ زۆن (کورد و شیعە و سوننە)، کە ئەگەرێکی زۆری هەبوو هه‌رێمی کوردستان ئێستا دەوڵەت بووایە.

دەوڵەتی ئۆباما دوای ئەوەی لە عێراقدا سەربازەکانی کشاندەوە، بۆشاییەکی سیاسی بۆ ئەمەریکا لە عێراقدا دروست کرد بەبێ ئەوەی کە ئەمەریکا بیر لەوە بکاتەوە کە هاوپەیمانەکانی لەنێو عێراقدا بەهێز بکات. دەوڵەتی ئۆباما بیری لەوە کردەوە کە عێراق بە دیموکراسی و پێگەی جەماوەرەوە دەسەڵاتێکی باشی بەڕێوەبەر هەڵدەبژێرێ، بەڵام دوایی دەرکەوت کە ئەو یارییە سیاسییەی کە ئێران لە عێراقدا کردی، تەواو نفوزی ئەمەریکای لە عێراقدا شکست پێ هێنا. دوای ئەوەی کە داعش هاتە نێو بۆشاییەکە و دەستەڵاتدارانی شیعە لە ڕێگای مالیکییه‌وه‌ تەواو دەستەڵاتیان  قۆرخ کرد؛ بوودجەی کوردیان بڕی و ناوچەکانی سوننەیان ڕادەستی داعش کرد و عێراقیان کردە سوڵتەیەکی تەواو میلیشیایی؛ ئەمەیش یەکەم شکستی ئەمەریکای لە عێراقدا دەرخست، بۆیە ئێستا کۆمارییەکان دەیانەوێ دوو بژاردەی سەرەکی بۆ عێراق پێڕۆ بکەن ئەگەر حوکمی ئەمەریکا بگرنە دەست:
یەکەم/ تۆخکردنی زۆنی کورد و سوننە و شیعە و دواتریش ددانان بە دەوڵەتی کوردستان و ڕەنگە دەوڵەتێکی دیکەی سوننەیش بێتە بوون و شیعە تەنیا لە نەجەف و کەربەلا دەسەڵاتی بەدەستەوە بمینێت.

دووەم/ کۆمارییەکان بەنیازن نفووزی سەربازیی ئەمەریکا لە عێراق قایم بکەن لە ڕێگەی چاودێرییەکی چڕ و، هەروەها ڕێگەنەدان بە هەڵسوکەوتی میلیشاکان بۆ کۆنترۆڵی عێراق و بەهێزکردنی پێگەی کورد و سوننە.

لە عێراقدا دیموکراتەکان هێڵی بەرگرییان بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان کێشا کە هاوپەیمانێتییان بۆ لێدانی داعش پێک هێنا و گورزی ئاسمانییان لە داعش وەشاند، کە ئەمەیش پاڵپشتییەکی باش بوو بۆ هێزی پێشمەرگە، بەڵام ئەگەر کۆمارییەکان دەوڵەتی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە 2017 بگرنە دەست، سیاسەتی ئەوان درەفەتی دەوڵەتی کوردستان دەرەخسێنن، چونکە وەک لەم شڕۆڤەی سەرەوە ڕوون کرایەوە کە ئەمەریکا باشترین بژاردەی بۆ عێراق دابەشبوونە و لە باشترین حاڵەتی دابەشبوونیشدا بۆ ئەمەریکا دەوڵەتێکی نوێیە لە عێراقدا کە ئەمەیش کوردە.

دووەم: مەلەفی سووریا

ساڵی 2013 ئەمەریکا هەوڵی دا یەکڕاست بە هێزی سەربازی لە ڕژێمی بەشار ئەسەد بدات و ئیدی وەک عێراق کە لە 2003 لێی دا و، کۆمەکی دەولی بۆ شەڕی عێراق دروست کرد، بەڵام ئەو کارەی دەوڵەتی ئۆباما سەری نەگرت، چونکە نەیتوانی هاوپەیمانێتی بۆ لێدانی سووریا پێک بهێنێ و، ڕووسیا زوو دەستی ئێرانی خستە نێو سووریاوە و لە هەمانکاتیشدا شکستی بە کارەکەی ئەمەریکا هێنا، چونکە خۆی هاتە سەر هێڵ بۆ مەلەفی سووریا.

هاوکات ئەمەریکا پلانی دووەمی لە ڕێگەی کۆنگرەی جنێف یەکەم و دووەم داڕشت بۆ ئەوەی وڵاتان ڕازی بکات کە پێویستە لە ئەسەد بدرێ لەمەشیاندا شکستی برد و نەیتوانی کە ئەو کۆدەنگییە جیهانییە لە دژی سووریا دروست بکات.

پلانی سێیەمی ئەمەریکا بۆ سووریا پڕچەککردنی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بوو، بەڵام لەمەشیاندا شکستی برد، چونکە داعش بەربەستی سیاسیی دروست کرد و زوو دەستی ئێرانی پێ گەیشت و پشتی ئەسەدیان گرت.

دوای ئەمەش لە پلانی چوارەمدا ئەمەریکا پەنای بردە بەر پەیەدە و پەکەکە، بەڵام دواجار لەمەشیاندا شکستی برد؛ چونکە پەیەدە و پەکەکەیش لە سووریا پەروەردەی دەستی ڕژێمی سووریان و جێگەی متمانە نین بۆ ئەمەریکا.

لە ئێستادا کۆمارییەکان دەیانەوێ بەرنامەیەکی ڕوون بۆ سووریا دابڕێژن کە باشترین بژاردەی کۆمارییەکان هەڵوەشانەوەی سووریایە بۆ چەند زۆنێک و چەند هەرێمێک کە دواتر لانی کەم 3 دەوڵەتی نوێ لە سووریادا دروست بکرێ.

کۆمارییەکان شکستی ئەمەریکا ڕووبەڕووی ئۆباما دەکەنەوە کە تا ئەم ئێستایە ئێران و ڕووسیا لەو مەلەفەدا سوودمەندی یەکەمن و ئەمەریکایش لەنێو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا گورزێکی ئابووری و سیاسی بەهۆی سیاسەتی دیموکراتەکان و دەوڵەتی ئۆباما لە سووریادا پێکەوت.

کورتوپوخت
سیاسەتی کۆمارییەکان بۆ عێراق و سووریا، دەرفەتدانە بە دۆستەکانیان و دروستکردنی دەوڵەتی نوێیە لەسەر بنچینەی لامەرکەزیه‌ت بەبێ گوێدانە تێڕوانینی وڵاتانی هەرێمایەتی لە ناوچەکەدا؛ بەڵام دیموکراتەکان تێڕوانیان بۆ عێراق و سووریا تەنیا چاودێریکردنە لە چوارچێوەی چارەنەکردنی کێشەکاندا، بۆیە شرۆڤەکارانی سیاسیی ئەمەریکا وای بۆدەچن کە دەوڵەتی کۆمارییەکان دیراسەی ئەوەیان کردووە کە یەکپارچەیی عێراق و سووریا تەواو بووە و دوای وەرگرتنی دەستەڵاتیش، ئەگەر ترەمپ ببێتە سەرۆک، ئاماژەی دابەشبوون دەردەکەوێ. لانی کەم ددانپێدانان بە دەوڵەتی کوردستان و دەرفەت ڕەخساندن بۆ دەوڵەتی کوردستان لە عێراق و ڕێگاخۆشکردن بۆ دەوڵەتی سوننە یان هەرێمێکی سوننەی بەهێز، هەروەها لە سووریایشدا دەرفەت ڕەخساندن بۆ سێ دەوڵەتی نوێ یان دابەشبوونێکی جیۆگرافی کە پارێزبەندی دەولیی هەبێ.

شرۆڤە- تەنیا کوردی

هەواڵی پەیوەندیدار