دلێر محەممەد: عێراق بەرەو دابەشبوون و لێكترازان دەڕوات

هەولێر- KDP.info- ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعی كوردستان دەڵێ، دۆخی ناوچەكە بەرەو دابەشبوون و لێكترازان دەڕوات، بۆیە هیوایەك نەماوە بۆ عێراقی یەكگرتوو، بە تایبەتی دوای ئاشكراكردنی ناوی چەندین گەورەبەرپرس كە دەستیان لە گەندەڵیدا هەبووە.
(دلێر محەممەد شەریف)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەوەی دوێنێ (1\8\2016) لە ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق ڕووی دا، یەكێكە لەو سیناریۆیانەی كە بۆ دەرهاوییشتنی قەیرانەكان دروست كرا، عێراق لەگهڵ سێ پێكهاتەی جیاواز لە ناكۆكیدایە و كورد وەك پێكهاتەی سەرەكی لە عێراق تێكۆشانی دوورودرێژی كردووە بۆ دیاریكردنی ناسنامەی خۆی بۆ دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان، سوننەكان دوای ململانێیەكی زۆر گەییشتنە ئەو باوەڕەی كە راستە عەرەبن، بەڵام ململانێیەكی تایفەگەری هەیە لە نێوانیاندا، شیعەكانیش بە هەمان شێوە، بۆیە لە چوارچێوەی ئەمەدا هەمیشە لە عێراق خەریكی دروستكردنی سیناریۆی نوێن".
(شەریف) گوتیشی: "كورد كۆمەڵێك داواكاریی لە چوارچێوەی عێراقدا هەیە و ئەو داواكاریانە رەسەنن و مافی خۆیەتی و داوای دەكات، بۆیە هەندێك لایەنی عەرەبی ناتوانن ئەوە قبووڵ بكەن، چونكە بەرژەوەندییان لەگەڵ ئەوەدا نییە، ههر بۆیەش بە بەردەوام هەوڵ دەدەن كێشە دروست بكەن بۆ خواستە نەتەوەییەكانی كورد، ئەمەیش لە پەرلەمان و حكوومەت و ناوەندی سیاسیدا رەنگ دەداتەوە كە لە راستیدا سەریان لێ شێواوە و نازانن عێراقی یەكگرتوویان دەوێت یان پارچەپارچەكراو".
(دلێر محەممەد) دەشڵێت: "بەشێكی زۆر نوخبەی سیاسی لە عێراق لە بابەتی گەندەڵییەوە گلاون، هەریەكە و بە جۆرێك و بە ئاستی جیاجیا، بۆیە ئەمڕۆ ناوی ئەوانە هێنراوە كە داوایان لە وەزیری بەرگری عێراقی كردووە گوایە پشكیان بداتێ لە كڕینی پێداویستیی سەربازی و، سبەی نازانرێت چیتر ڕوو دەدات، بۆیە پرۆسەی سیاسی لە عێراق مەحكوومە بە دابەش بوون، تا ئەم بڕیارەیش دەدرێت و عێراق دەكرێتە بەشبەشەوە، بە بەردەوام ململانێی سیاسی دروست دەبێت".
ئاماژەیشی بەوە دا: "نزیكبوونەوە لە بەغدا بۆ كوردستان زیانی هەیە، چونكە عێراق ناگەڕێتەوە دۆخی جارانی، لە كوردستانیش تەنیا مەترسی ئەوە دەكرێت ئەگەر ناوماڵمان رێك نەبێت دوا دەكەوین، ئەگەرنا ئەوەی لە عێراقدا ڕوو دەدات، هیوای بۆ ئەوانە نەهێشتووەتەوە كە خەون بە عێراقەوە دەبینن و، پرۆسەی سیاسیی كوردستانیش بەرەو دواوە ناڕوات".
كارزان سەباح هەورامی




