كەرەم: كەس ناتوانێ پارتی پشتگوێ بخات.. كەسێك بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكە دەستنیشان دەكات

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیێنێت، پۆستی ئەمینداری ئەنجوومەنی نوێنەران پشكی پارتییە و، بەم زووانە پارتی كەسێك بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكە دەستنیشان دەكات.
دكتۆر (عەرەفات كەرەم)، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فڕاكسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پۆستی ئەمینداری ئەنجوومەنی نوێنەران پشكی كوردە و بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیش پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، راستە ئەمیندار لە چوارچێوەی گۆڕانكاری لە پۆستەكەی لادراوە، بەڵام پۆستەكەی هەر پشكی پارتییە و لە رۆژانی دادێدا پارتی كەسێكی دیكە لە شوێنی ئەمینداری پێشوو دەستنیشان دەكات".
(كەرەم) دەشڵێ: "هیچ گۆڕانكارییەك لە بەغدا بێ پرسی پارتی ناكرێت و سەریش ناگرێت، لەبەر ئەوە هەموو گۆڕانكارییەكان پارتی لێی ئاگادارە و پارتی رۆڵێكی كاریگەری هەیە لە بەغدا بۆ هەموو پرسەكان، ئەو زانیاریانەی باس لە پەراوێزخستنی پارتی دەكەن، هیچ بنەمایەكی دروستیان نییە و كەسیش ناتوانێ پارتی پشتگوێ بخات".
قائید میرۆ




