وەزارەتی شەهیدان، وهڵامی لیژنەی پێشمەرگە لهپەرلەمان دهداتهوه.. جیاوازیی نەكراوە

هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی جێگری سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان باسی لەوە كرد كە لە ڕووی ئیمتیازات و مووچەوە جیاوازییەكی زۆر لە نێوان شەهیدانی یەكێتی و پارتیدا كراوە، گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوەكان دەڵێت، هیچ جیاوازییەك لە نێوان شەهیداندا نەكراوە و، لیژنەیەك لە وەزارەت هەیە و خۆی هەڵسەنگاندن بۆ شەهیدان دەكات.
(فوئاد عوسمان)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوەكان هیچ جیاوازییەك لە نێوان شەهیداندا نەكراوە و، ئێمە یاسایەكمان هەیە كە شەهیدی دیاری كردووە كە چ ئیمتیازاتێكی هەبێت، بۆیە ئێمەیش بە گوێرەی ئەو یاسایە ماف و ئیمتیازاتمان بە شەهید داوە بە بێ هیچ جیاوازییەك".
(عوسمان) گوتیشی، لیژنەیەك لە وەزارەت هەیە هەڵسەنگاندن بۆ شەهیدان دەكات و هەریەكەیان بە جۆرێكە، وەكو چۆن خەڵكانی دیكە خانەنشین دەكرێن هەر یەكەیان بە پلەیەكە، ئەمەیش بەو شێوەیەیە، بۆیە هیچ جیاوازییەك لە نێوان شەهیدەكاندا ناكرێت".
بڵند ئیبراهیم




