توێژەرێکی سیاسیی ئێرانی: سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان پرسێکی سەرەکیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە
__2016_07_31_h16m7s49__HK.jpg)
ئاژانسەکان-KDP.info- توێژەرێکی سیاسیی ئێرانی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بە پرسێکی سەرەکیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەقەڵەم دەدات.
لە بەشی یەکەمی وتارێکی شیکاریدا بە ناوی (کوردەکانی عێراق لە دۆستایەتیی چیاکانەوە تا داواکردنی سەربەخۆیی) کە لە ماڵپەڕی (فراتاب)ی ئێران بڵاو کرایەوە، ئارمان سەلیمی، توێژەر و لێکۆڵەری کاروباری سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژە بە مێژووی خەباتی گەلی کورد دەکات بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی، ئەوەش لە پاڵ فەڵەستین وەک پرسێکی سەرەکی لە ناوچەکە وەسف دەکات.
نووسەر دوای وەبیرهێنانەوەی خەباتی گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان لەپێناو سەربەخۆیی لە سەردەمە جیاوازەکان، لەوانە خەباتی شێخ مەحمودی حەفید، شێخ ئەحمەدی بارزانی، مەلا مستەفای بارزانی و بەشداریی لە کۆماری کوردستان لە مەهاباد، سالانی دوای ڕاپەرینی بەهاری نەوەد و یەکی باشووری کوردستان بە قۆناغی کۆتایی سەربەخۆییخوازیی کورد و جیابوونەوە لە عێراق دادەنێت.
وەک لە بەشی یەکەمی وتارەکەیدا باسی دەکات، ئارمان سەلیمی لێکۆڵەری سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێران باس لە ساڵانی دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق دەکات کە تیایدا کرد توانی پێگەی یاسایی خۆی لە عێراقدا قایمتر بکات و ڕۆڵێکی گرنگی هەبێت لە گۆڕانکارییەکانی وڵات. بە وتەی ئەو نووسەرە، "لەم چەند ساڵەی دواییدا پرسی سەربەخۆیی لەلایەن لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت سەرۆکی هەریمەوە گرنگیی پێدراوە و لە بەرامبەریشدا حکوومەتی ناوەندیی بەغدا پاساوی جۆراوجۆر بۆ دژایەتیکردنی ئەو خواستە بەکار دێنێت".




